کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی سەرماوەزدا نرخی شتومەکەکان لە ئێران ٣٥ لەسەد بەرز بووەتەوە

12:07 - 4 بەفرانبار 2721

نرخی شتومەک، خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی خەڵک لە ئێران لە مانگی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی زیاتر لە ٣٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەرزبوونەوەی ٣٥ لەسەدیی نرخی شتومەکەکان لە حاڵێکدایە نوێترین ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە نرخی هەڵاوسان پیشان دەدات کە هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٤٣.٤ لەسەد کە لە بەراورد لەگەڵ مانگی خەزەڵوەر یەک لەسەد دابەزینی هەبووە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ دابەزینی نیو لەسەدیی هەبووە و بنەماڵەکان لە ئێران بە شێوەی نێونجی ٣٥.٢ لەسەد زیاتر لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بۆ کڕینی شتومەک تێچوویان هەبووە.

وردبوونەوە لە هەڵاوسانی شتومەک و پێداویستییەکانی خەڵک پیشان دەدات کە بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنییەکان بە شێوەی نێونجی ٤٠.١ لەسەد بووە.

خۆراکەکانی وەکوو ماسی ٥٧.٥ لەسەد و شیر و پەنیر و هێلکە ٥٥.١ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو گران بوونە.

گرانبوونی بەردەوامی شتومەک و پێداویستییەکانی خەڵک لە حاڵێکدایە کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ئێران کە وادەی ئەوەی دابوو کە گرانییەکان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام خەڵک لە کاردانەوە بە قسە بێ بنەماکانی ناوبراو وتوویانە کە ڕەئیسی هێشتا باوەڕی بەوە نەهێناوە کە لە پۆستی سەرکۆماریدایە و کابینەوی ناوبراو دەبێ ئەو دۆخە چارەسەر بکات.