
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵەوە و ڕۆژەکانی نزیک بە نەورۆز، لە ئێران نرخی زۆربەی کەرەستە خواردەمەنییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و لە زاری سەرۆکی شورای دابینکردنی مەڕوماڵاتی زیندوو لە ئێران، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی ئێران ڕێکۆردی لەڕادەبەدەری تۆمار کردووە.
ڕاپۆرتەکان هەروەتر باس لە چوونەسەرەوەی زۆرێک لە خۆراکەکان وەکوو "قاوە، چایی، شەکر، برنج و ڕۆن" و هەروەها جۆری وشکبار دەکەن.
لە ئێستادا نرخی نیو کیلۆ چای مارکداری پێچراوە لە بازاڕ بە ١٣٩ هەزار تمەن دەفرۆشێت.
بەرزبوونەوەی نرخی چەشنی خۆراکەکان لەلایەک و بێکاری و هەژاری و حەقدەستی زۆر کەم لەلایەکی دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی زۆربەی جۆری خواردەمەنییەکان لەسەر سفرەی بنەماڵەکان بسڕێنەوە.