"ئەسکەندەر زەند" بەرپرسی کۆنوانسیۆنی جۆرەکانی ژینگە وتوویەتی لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و ٦٤٥ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەنێو چوونە.
بەپێی قسەکانی "زەند" بەشێکی زۆر دارستانەکان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی ڕێژەی دارستانەکانی ئێران زۆر کەم بووەتەوە و تەنیا ١٢ لەسەدی دارستانەکانی ئێران ئەویش بەهۆی دووردەستی لەخەڵک پارێزراون.
لە ماوەی ساڵانی رابردوو ڕووبەرێکی زۆری دارستانەکان سووتاون.
گرینگی و ڕۆڵی دارستانەکان لە پاراستنی ئێکۆسیستم و بەرژەوەندییە ژینگەییەکان ئەوەندە گرینگە کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە. شێوەی بەهادان بە دارستانەکان دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر شێوەی بەڕێوەبەریی کەش و هەوای ناوچەیی.
تەنیا ٧%ى جوغرافیای کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە دارستان داپۆشراوە. ناوچە دارستانییەکانی زاگرۆس لە نێوان ١١ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتی و ئێران بڵاوە و نزیکەی ٤٠%ى کۆی دارستانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە خۆ دەگرێت.
تەواوی ئەو بودجەی بۆ دامەزراوەی پاراستنی لەوڕەگە و دارستانەکان وەبەرچاو گیراوە، ١٢٢٨ میلیار تمەنە. بڕیار وایە ئەو بودجەیە لە بەرنامەکانی پاراستنی خاک، پەرەپێدان بە بەکارهێنانی پێوەرمەند لە دارستانەکان، بەهێزکردن کۆمەڵگە ناوچەییەکان پاراستن و پشتیوانی لە سەرچاوە سرووشتییەکان و بابەتی دیکەدا خەرج بکرێت.