کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٩١ منداڵ لە دایکانی ١٠ هەتا ١٤ ساڵە لەدایک بوونە

11:42 - 5 خەزەڵوەر 2721

ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسایەتی باسی لەوە کردووە کە لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ٧٩١ منداڵ لە دایکانی ١٠ هەتا ١٤ ساڵە لەدایک بوونە.

لەو نێوانەدا پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تۆمارکردنی ٢٤٨ منداڵ زۆرترین ئاماری "منداڵ‌دایکیـ"ـی هەیە، پارێزگاکانی ئەحواز بە ٩٢ منداڵ، خوراسان ٦٥، گوڵستان ٤٦، کرمان ٤٥ و تەورێز بە ٣٥ منداڵ لە پلەکانی دیکەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، لە مەودای کاتیی ٣٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩ هەتا ١٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ، زیاتر لە ٣٦ هەزار ٥٠٠ منداڵ لە دایکانی تەمەن ١٥ هەتا ١٩ ساڵە لەدایک بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە فەرمییەکان، پەرەگرتنی هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ پەروەردەکردن لە ڕێگای دوورەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری ئەو کچانەی کە لە خوێندن بەجێ ماون و ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە شێوەی زۆرەملێ زیاتر بووە.

''جاوید ڕەحمان'' ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بە ئاماژەدان بە منداڵ‌هاوسەری لە ئێران وتبووی، لە ئێران لەگەڵ ژنان و کچان وەکوو شارۆمەندی دەرەجە ٢ هەڵسوکەوت دەکرێت.