کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٤٦١ کەس لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا

12:41 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای بڵاو کردووەتەوە کە بەو چەشنەیە: "لە ماوەی یەک شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٤٦١ کەس گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ٥٨٢ حاڵەت".

"سادات لاری" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "لە ئێستادا ٢٧ پارێزگای ئێران دۆخی سووریی کۆرۆنایان هەیە و کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٣٨ هەزار و ٣٢٢ کەس".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، لەو ڕێژەیەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران، ٥ هەزار و ٦٣٠ کەسیان دۆخیان خراپە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

"ئیرەج حەریرچی" جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی: "لە حەوتووی داهاتوودا ڕەوتی  تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران دوو بەرابەر دەبێتەوە".

هەروەها لە پارێزگای "ورمێ" بەهۆی دۆخی سوور و پەرەسەندنی زیاتری کۆرۆنا، بۆ حەوتوویەکی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.