کوردستان میدیا: بە بۆنەی هاتنی نەورۆزی کوردەواری ئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە شاری مەهاباد، بۆ سەمای ئازادیی نەورۆزی ئەمساڵ بانگەشەیان کردووە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری مەهاباد، بە ئەنجامدانی کار و چالاکی بەرینی تەبلیغاتی، خەڵکیان لە شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی سەمای ئازادی بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێیەوە ئاگادار کردەوە.
چالاکییەکان بە شێوەیەکی بەرین لەم شوێنانەدا بەڕێوە چوون:
جەزیرە "شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز"، سەرەتای تاقەدار، شەقامی پەرەستار، حەوشەی بیمارستان، فەلەکەی پۆست، چوارڕێیانی مەولەوی، بەری شیلانان، مەیدانچەی حەسەنزادە، شەقامی موکریان، زەوییەکانی شارەداری، کەروێشکە، فەجر، شەقامی تەپەی قازی.
خەڵکی شارەکانی کوردستان، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و بەشکۆتر بەڕێوەبردنی سەمای ئازادی لە هەموو شارەکانی کوردستان، چالاکی بەرینی تەبلیغاتییان بەڕێوە برد و لە چەند شوێنیش ڕێوڕەسمی نەورۆز بە شێوەیەکی کوردانە بەڕێوە چووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، کە نابێت نەورۆز بەڕێوە ببەن، خەڵکی کوردستان "نا"یەکی قورسیان بە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دایەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، تراکتی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پۆستێرەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، نووسینی دروشم بۆ تەلەفزیۆنی تیشک و ڕاسان، پیرۆزبایی ساڵی نوێ، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان له دارەگردەڵە ــ عیلماباد و هەروەها نوقڵ و شیرینی بە بۆنەی کرانەوەی تیشک بڵاو کراونەتەوە.
هاوکات پاش دیداری تەرەغە لە بۆکان، هاووڵاتییانی گوندی "ساتیار"یش بە "نا"یەکی قورس وڵامی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان دایەوە.