کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا پزیشک نییە

11:26 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، نەخۆشخانەکانی ئێران کەمیی پزیشکیان هەیە؛ لە ئورژانسی شاری قوروەشدا بە تەنیا یەک پزیشکی گشتی هەیە کە فریای هەموو نەخۆشەکان ناکەوێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ، "نەوەدی ئیقتسادی"، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بە نەبوونی پزیشکی پێویست لە ئێراندا کرابوو. بەپێێ ئەو ڕاپۆرتە، بۆ هەر ٢٠٠٠ کەس لە ئێراندا یەک پزیشک هەیە، لە حاڵێکدا کە بەپێی ستانداردی جیهانی، دەبێ ٦ پزیشک بۆ ئەو ڕێژە حەشیمەتە هەبێت.

کلینیکی تایبەتیی نەخۆشخانەی "بێهێشتیـ"ـی شاری قوروە، یەکێک لەو نەخۆشخانانەیە کە لەگەڵ کەمیی پزیشک بەرەوڕوویە. لە بەشی فریاکەوتنی خێرای ئەم نەخۆشخانەیەدا تەنیا یەک پزیشکی گشتی هەیە کە بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی نەخۆشەکان فریای هەمووان ناکەوێت و هەموویان نابینێت.

بە وتەی خەڵکی ئەم شارە، هەندێک جاریش پزیشکەکە بەهۆی ناشەرەزابوون لە بواری نەخۆشییەکاندا، لە دەسنیشانکردنی جۆری نەخۆشییەکاندا تووشی هەڵە دەبێت و تەنیا بە حەبی ئازارشکێن نەخۆشەکان دەرمان دەکات.

خەڵکی شاری قوروە داوایان لە ناوەندی بێهداشتیی ئەو شارە کردووە کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، بەڵام تاکوو ئێستا وەکوو داواکارییەکانی دیکە، ئەمەش بێ وڵام ماوەتەوە.

نەبوونی پزیشک بۆ هۆکارگەلێکی وەکوو کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی ئێران دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی داهاتی گونجاوەوە، ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم کێشەیە، خەڵکی ئێرانیش بەهۆی قەیرانەکان، بەتایبەت قەیرانە ئابووری و داراییەکان، گوشارێکی زۆرتریان لەسەرە. ئێستاکە زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان، نەخۆشخانە و پزیشکەکان ناکەن و بەبێ نووسراوەی یاسایی پزیشکەکان، لە دەرمانخانەکاندا بە شێوەی ئازاد دەرمان دەکڕن یان زۆربەی کات خۆیان لە ڕۆیشتن بۆ لای پزیشک و خەرجکردنی پارە بۆ دەوا و دەرمان دەبوێرن.