کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی داعش بۆ سەر بەغدا ١١ کەس کوژران

12:11 - 19 خەزەڵوەر 2720

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق، لە هێرشی گرووپی تێرۆریستیی داعشدا بۆ سەر بەغدا ١١ کەسی چەکدار و سێڤیل کوژران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرچاوە ئەمنییەتییەکان و ڕاپۆرتی "فرانس پرێس"، گرووپی تێرۆریستیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" ناسراو بە "داعش" هێرشیان کردووەتە سەر بورجێکی دیدەوانی لە ناوچەی "ئەلڕزوانییە" لە ڕۆژئاوای بەغدا.

لەو هێرشەدا ٥ کەس لە میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و ٦ کەس لە خەڵکی ناوچەکە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە چووبوون؛ کوژران.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە چەکدارەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر دیدەوانیی "سەید دەروێش" کە سەر بە ئەرتەشی عێراقە و هێزەکانی "شورای بێداری" لە گوندێک بە ناوی "ئەلخەماس" لە ناوچەی "ئەلڕزوانییە".

گرووپی تێرۆریستیی داعش ماوەیکە هەوڵ دەدات کە گرووپ و دەستەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە و ماوە بە ماوە هێرشێک بۆ سەر ئەرتەشی عێراق ئەنجام دەدات.