کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سووریە چەندین کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژران

19:12 - 8 بانەمەڕ 2720

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک شاری دەمیشقی پێتەختی سووریە، چەندین کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی حیزبوڵڵا کوژران.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی ئیسرائیل لەم هێرشەدا، بنکەکانی هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان کە  لە ''ئەلکسوە'' و ''سەییدە زەینەب'' لە باشووری دەمیشق جێگر بوونە، بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، ٤ کەس لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و چەندین کەس لە هێزەکانی سووریە کوژراون.

پێش لەم هێرشە،'' نەفتالی بێنت''، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دابوو کە وڵاتەکەی لە هەوڵە بەرگرییەکانی خۆی کۆتایی ناکات و پێداگرتر لە ڕێژیمی ئێرانە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو، ئەمە دووهەمین هێرشی هەوایی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەیە.

 ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بەتوندی بومباران کرا و لە ئاکامدا ٩ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.