کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، ٨ کەس لە هێزەکانی ئێران کوژران

12:36 - 18 بانەمەڕ 2721

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە لە هێرشی ئاسمانیی ڕۆژی چوارشەممەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای ''لازقییە''، ٨ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە کوژراون.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەو هێرشەدا دامەزراوەیەکی نیزامی کراوەتە ئامانج کە سەرەڕای ئەنباری چەک و تەقەمەنی، ١٤ کەس لە هێزەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە و دوو کەسی مەدەنی بریندار بوونە.

''ڕامی عەبدولڕەحمان'' بەرپرسی مافی مرۆڤی سووریە وتوویەتی: ''دواتر ڕوون کرایەوە کە بەهۆی ئەو هێرشەوە ٨ کەس کوژراون کە ٥ کەسیان لە هێزەکانی ئێران بوونە و ٣ کەسیان لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمە بوونە''.

هەتا ئێستا ئێسرائیل لەوبارەوە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، بەڵام دەیان جار ڕایگەیاندووە کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ جێگربوونیان لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل دەبێتەوە.