کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر پێترۆشیمیی "ڕاهـ ئاوەران" لە ماهشەهر ١١ ماشین سووتان

17:26 - 7 رەشەمه 2721

لە ئاکامی هێرش بۆ سەر پێترۆشیمیی ''ڕاهـ ئاوەران فنوون'' لە ماهشەهر، کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە ڕووی دا، ١١ ماشین لە ئاگردا سووتان.

''موحسێن ئەدیبی'' بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی ناوچەی تایبەتی ئابووریی پێترۆشیمیی ماهشەهر لە وتووێژ لەگەڵ هەوڵدەریی ''ئیسنا''ی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی، ئەو ڕووداوە ڕەهەندی ئەمنییەتیی هەبووە.

ناوبراو لەبارەی ئەمنیەتیبوونی ئەو ڕووداوە هیچ ڕوونکارییەکی نەداوە.

ماڵپەڕی ''نەفتێ ما'' هێرش بۆ سەر ئەو پێترۆشیمییەی بە چەکدارانە ناو لێ بردووە.

''موحسێن ئەدیبی'' باسی لەوە کردووە کە ئامانجی ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە ناڕوونە.

ئەمە چەندەمین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی ماهشەهر لە سەرەتای ئەمساڵە کە یەک لەوان ئاگرکەوتنەوەی ئەنباری پاشماوە کیمیاییەکانی شیرکەتی ''هامور'' و ئاگرکەوتنەوە لە پێترۆشیمیی ''ئەمیر کەبیر'' بوو.

ئەو ڕووداوانە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە جۆزەدانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی کۆمەڵێک لە شیرکەتە پێترۆشیمییەکانی ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران تەحریم کردبوو.