کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێزی ۱۲۲ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەوی یەلدا بەرز ڕاگیرا

17:41 - 1 بەفرانبار 2721

لە هەموو بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئامادەبوونی کادر و پێشمەرگەکان شەوی یەلدا بۆنەی لەدایکبوونی خۆری هەتاو دوکتور "قاسملوو" و شەوی لەدایکبوونی میترا بەرز ڕاگیرا.

چەند بڕگەی جیاوازی ئەو ڕێوڕەسمە لەلایەن بەشی ڕاهێنانی هێزی پیشمەرگە ئامادەکاریی بۆ کرابوو. بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان جەژنی شەوی یەلدا دەستی پێ کرد.

 دواتر چەند پارچە شێعرێک لەلایەن "پێشەوا ڕۆستەمی" و چەند پارچە مۆسیقا لەلایەن "هەژار فەرەجی‌زادە" بە ئامێری کەمانە پێشکەشی بەشداربووان کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پێشمەرگەکانی هێزی ۱۲۲ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ ڕێبازی ڕێبەری کوردان دوکتور "قاسملوو"ی نەمر و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان پەیمانیان نوێ کردەوە، هەروەها یادی شەهیدی نوێی گەڵەکەمان شەهید "حەیدر قوربانیـ"ـیان بەرز ڕاگرت.

هەروەتر ڕوو لە تاریکپەرستان و ڕێژیمی پەت و سێدارە، پەیامی بەرخۆدان و خەبات هەتا لەنێوبردنی شەمشەمەکوێرەکانی ڕێژیمیان دووپات کردەوە و وتیان: "ئێوە ناتوانن ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی بە زوڵم و زۆر بڕووخێنن".

 پاشان لە سەنگەری شاخ  ڕوو لە گەلی کوردستان سڵاوێکی پێشمەرگانە و پیرۆزبایی گەرمی شەوی یەلدایان نارد و بەڵێنییان دا کە بەجێیان ناهێڵن و تا سەرکەوتن و هاتنی خۆری ڕزگاری و لەنێوبردنی تاریکی و تاریکپەرستی درێژە بە خەبات دەدەن.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی گۆرانی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگانە کۆتایی پێ هات.