بەبۆنەی شەوی یەلدا و شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملووی ڕێبەر، لە هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە شەوی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی هێز بەڕێوە چوو، ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕێوڕەسمەکە دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی شەوی یەلدا لەلایەن "مستەفا مەناف" فەرماندەی هێزی ١٣٥ـەوە پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا باس لە مێژووی شەوی یەلدا و چۆنیەتیی ناولێنانی ئەو شەوە و هەروەها گرینگیی ئەو شەوە بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا. لە نێوەڕۆکی پەیامەکەدا باس لە ژیان و خەبات و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری مەزنی گەلەکەمان کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کورتەفیلمێک لەسەر ژیان و خەباتی و کەسایەتیی دوکتور قاسملووی هەمیشە زیندوو بڵاو کرایەوە.
لە درێژەدا پەخشانێک لەلایەن پێشمەرگەکانی هێز و هەروەها سروودێک لەلایەن کۆڕی هونەریی "هێزی ١٣٥"ـەوە پێشکەشی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بۆ چەند کێبرکێی جیاواز و پرسیارکردن تەرخان کرابوو.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگەکانی هێز کۆتایی پێ هات.