کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر دو لاوی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵ لە ئێران، لاوێک پێی خۆشە کۆچ بکات

17:46 - 24 سەرماوەز 2721

ڕێکخراوی "کیوو" ڕاپرسییەکی لەنێوان ١٣٠٠ کەس کە تەمەنیان لە هەژدە ساڵ زیاتر بووە و لە ئێراندا ژیان دەکەن ئەنجام داوە کە لە ئاکامدا یەک لەسەر سێی وڵامدەران (٣٣ لەسەد) وتوویانە: "لە ئەگەری ئەوەیکە دۆخێکی باشمان بۆ ئامادە بێت لە ئێران کۆچ دەکەین".

لەو ڕاپرسییەدا دەرکەوتووە کە لە هەر دوو لاوی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵ، لاوێک پێی خۆشە کۆچ بکات.

بەپێی ئەو ڕاپرسییە کە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز بڵاو بووەتەوە، حەز بە کۆچکردن لە ئێران نزیک بە دوو بەرابەری نێونجی جیهانییە و کەمێک لە نێونجی ناوچە لە سەرووترە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی ئەو دامەزراوەیە حەز بە کۆچکردنی هاووڵاتییان لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٥ ژێر ٣٠ لەسەد بووە.

هەروەها ئەو دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە، حەز بە کۆچکردن لەنێوان دانیشتووانی تاران، ناوەندی پارێزگاکان، کەسانی خاوەن خوێندەواریی باڵا، کەسانی سەڵت و لاوانی تەمەن ١٨ هەتا ٣٠ ساڵ زیاتر لە نێونجی نێوخۆی ئێرانە.

٨٠ لەسەدی ئەو کەسانە بە هیوای ئەوەیکە دۆخیکی باشتری ئابوورییان دەست بکەوێت یان ئەوەیکە لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێران ڕزگاریان بێت، پێیان خۆشە لە ئێران کۆچ بکەن.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەنێوان ١٩٥ وڵات پلەی چواردەی لە بواری کۆچکردن هەبووە.