کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر ٣٦ کاتژمێرێکدا، پیسیی هەوا گیانی کەسێک دەستێنێت

12:21 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پیسیی هەوای شاری سنە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا زۆرتر بووە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەم شارە و بەرپرسانی ڕێژیم هۆکارەکەی بۆ بوونی ماشینی کۆن دەگەڕێننەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، هەواڵدەری "مێهر"ی سەر بە ڕێژیم، لە زاری "کەماڵ  ئیبراهیمی"، بەڕێوەبەری تەندروستیی زانکۆی پزیشکیی کوردستان، بڵاوی کردەوە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، ٤٢ مایکرۆگرەم ماددەی زیانبەخش لەنێو هەوای شاری سنەدا "سەبت کراوە" کە ئەم ڕێژەیە سێ قاتی ڕێژەی ستانداردبوونی پیسیی هەوای جیهانییە.

هەروەها ناوبراو لەبارەی مردنەکان بەهۆی پیسی هەواوە لەم شارەدا ڕایگەیاند: "بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٩٦دا،  ٢٤٧ مردن بەهۆی پیسیی هەواوەوە تۆمار کراوە، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی لەبارەی ساڵی ٩٧ و ٩٨ەوە لەبەر دەستماندا نییە و بە لە پێشچاوگرتنی پیسیی هەوا لەم ساڵانەدا، دەتوانین پێشبینی بکەین کە حاڵەتی مردنەکان زۆرتربووە".

سەرەڕای ئەوە کە شاری سنە، کارگە و ناوچەی پیشەسازیی تێیدا کەمە، بەڵام پیسیی هەوا بە ڕێژەیەکی ترسێنەر لەسەرێیە، کە هۆکارەکەی بۆ بوونی ماشینی کۆن و ماوەبەسەرچوو دەگەڕێتەوە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە کە ماشینە خراپ و ماوەبەسەرچووەکان لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە هاوردەی شاری سنە دەکرێن و خەڵکی ئەم شارەش بەهۆی هەژاری و ناتەوانییان بۆ کڕینی ماشینی باش، بە ناچاری ئەو ماشینانە دەکڕن.

هەروەها لەم بارەوە، ڕۆژی سێشەممە، ١ی گەلاوێژ، "پێوەری پیسبوونی هەوا لە سنەدا"، گەیشت بە ژمارەی ١١٨ و ئەمە بەو واتایەیە کە شاری سنە لەبارەی پیسبوونی هەواوە، لە دوای شاری تاران، پلەی دووهەمی هەیە.