کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر ٢.٥ کاتژمێرێکدا یەک کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەست دەدات

19:26 - 18 پووشپەڕ 2720

پاڕێزگاکانی کوردستان بەهۆی تەشنەسەندنی نەخۆشی کۆرۆنا دۆخێکی زۆر نالەبار تێپەردەکەن و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە هەروا ڕووی بەرزبوونەوە دایە.

''هووشەنگ بازوەند'' پارێزگاری کرماشان باسی لەوە کردوە کە بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا  لە هەر ٢.٥ کاتژمێرێکدا یەک کەس گیانی لەدەست دەدات.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم تەشنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار میلیارد تمەن خەساری بە ئابووریی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.

ناوبراو وتویەتی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە حەوتووی ڕابردووە ڕەوتی نەگۆڕی هەبووە، بەڵام ئەو پارێزگایە هەروا لە دۆخیکی سوور دایە.

بەپێی ئاماری ستادی بەڕێوەبەریی کۆرۆنا لە کرماشان، هەتا ئێستا ٣٣٢ کەس لەو پارێزگایە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها پارێزگاکانی دیکەی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیدار دان.

هەروەها لە ئاستی ئێرانیشدا بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ڕیژەی قوربانییانی نەخۆشیی کۆرۆنا ١٢ هەزار کەسی تێپەڕاند.

وتەبیژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردووە ١٥٣ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوونە و ڕێژەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ١٢ هەزار و ٨٤ کەس.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم هەتا ئیستا ٢٤٨ هەزار و ٣٧٩ کەس تووشی کۆرۆنا بوونە.