کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای سنە بۆ ماتۆڕسواری و کێبڕکێی تورمبیل، ژێرخانی گونجاو بوونی نییە

12:30 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە پارێزگای سنە، سەرەڕای هەبوونی تواناییەکانی وەرزشی تورمبیل و ماتۆڕسواری، بەستێن و ژێرخانی ئەم وەرزشانە ئامادە و گونجاو نییە.

"نادر ئەسەدی"، بەرپرسی لێژنەی تورمبیل و ماتۆڕسواری لە پارێزگای سنە، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە ڕێژیمدا، لە بارەی ئەم وەرزشانە، باسی لەوە کردووە کە لەم پارێزگایە، تواناییگەلێکی زۆر بۆ ئەم وەرزشە هەیە، بەڵام ژێرخانی گونجاو کە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانیەتی، ئامادە نەکراوە.

ناوبراو وتوویەتی: "سەرەڕای ئەوەی کە هەر وەرزشێک پێویستی بە شوێنێکی تایبەت هەیە، هەر بەم بۆنەوە ئەم وەرزشانە بە هۆی نەبوونی پیستێکی ستاندارد، ڕاستەوخۆ وەرزشێکی داخراو و نیوەچالاکییان لێ بەدی دەکرێت".

"ئەسەدی" باسی لەوەش کردووە کە نەبوونی پشتیوانیی ماڵی، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەم وەرزشانەیە و ئەو بوودجەیەش کە بۆ ئەم بەشە تەرخان کراوە، نەک بەشی ڕەوانەکردنی وەرزشکاران بۆ کێبڕکێیە دەرکییەکان و خەرجکردن لە بواری ژێرخانەکان و سازکردنی شوێنێکی گونجاو ناکات، بەڵکوو پێداویستی و تێچووی بەڕێوەبردنی لێژنەکەش دابین ناکات.

بەرپرسی لێژنەی تورمبیل و ماتۆڕسواری لە پارێزگای سنە، لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئەم بەشە لە وەرزش گرنگیی تایبەتی پێ بدرێت و پیستی گونجاوی بۆ ساز بکرێت، ئەم پارێزگایە دەبێتە جەمسەرێکی گەشتیاری لە ئێراندا.

ڕێژیمی ئێران، هیچ ئەرکێکی دیکەی جگە لە وێرانکاری و بەتاڵانبردنی سەرمایە و سامانەکانی کوردستانی نییە، بۆیە چاوەڕوانی لە وەها ڕێژیمێک کە بە سەرمایەدانەرییەکانی ببێتە هۆی گەشە و پێشکەوتنی کوردستان، چاوەڕوانییەکی بێکەڵکە و خۆگێلکردن لە ڕاستییەکانە.