کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێراندا ژنان تەنانەت ناتوانن ببنە فەرماندار و پارێزگار

12:15 - 12 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران بە جۆرێک داڕێژراوە، کە ڕێگا نادرێت بە ژنان لە پۆستە سەرەکییەکانی ئەو ڕێژیمە دەر بکەون.

شەهیندۆخت مولاوەردی، جێگری پێشووی کاروباری ژنان لە سەرکۆماریی ڕێژیمدا، باس لەوە دەکات، کە لەو سەردەمەی لە بواری ژناندا چالاکی هەبووە، بە هۆی سیاسیبوونی بیاڤی ژنان، نەیتوانیوە تەنانەت گەڵاڵەیەک لە پێوەندی لەگەڵ ژنان پێشکەش بە مەجلیس بکات.

ناوبراو ئاماژەی بە هەستیاری و دەمارگرژییەکان لە هەمبەر ژنان لە کابینەی ڕۆحانی کردووە و وتوویەتی: لە هەلومەرجی ئێستەدا "تەنانەت درگای پارێزگار و فەرمانداربوونیش بەڕووی ژنان بەستراوە".

مولاوەردی لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، پاش جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی خانەنشینکراوان لە پۆستە حکوومەتییەکاندا، دەستی لە کار کشایەوە.

ناوبراو لە خولی یەکەمی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا، جێگری کاروباری ژنان و لە خولی دووهەمدا هاوکاری حەسەن ڕۆحانی لە بواری مافی شارومەندی بووە.

مولاوەردی، گەڵاڵەی دابینکردنی ئەمنییەتی ژنانی ئامادە کردبوو، کە ئەم گەڵاڵەی بە هۆی دژایەتیکردنی دەزگای قەزایی ڕێژیم، ڕێگای پێ نەدراوە کە پێشکەش بە مەجلیس بکرێت.

لە پێکهاتە و سیاسەتی ڕێژیمی ئێراندا، ژنان کە نیوەی کۆمەڵگای ئێرانن و کۆڵەکەی سەرەکیی بناغەی ژیان و بنەماڵەکانن، هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە و ژنان لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا وەکوو ئامرازێک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشە کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت.