کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

12:48 - 5 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ئێران، ئەمجارە لە چەندین شار پەرستاران، فەرمانبەران، خانەنشینان و کرێکاران بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کۆمەڵێک پەرستار و فەرمانبەری نەخۆشخانەی ''جەلیل'' لە شاری یاسوج، بەهۆی ئەویکە ٢٣ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە، لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان لەسەر ئەو پلاکاردانەی کە بەدەستیانەوە بووە نووسیبوویان: ''کێ یارمەتیی ئێمە دەدات، ئێمە ماندووین، بەڵێنیی پشتیوانییە ڕۆحی و ماڵییەکان چی لێهات و ئێمە مافی خۆمان دەوێت''. 

هاوکات فەرمانبەرانی چەندین نەخۆشخانەی ئیسفەهان و شیراز بەنیسبەت زیادنەکردنی مووچەکەیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن: "ئێستاش بەپێی بڕیاری خاکەلێوەی ٩٨ مووچەمان پێ دەرێت و لەم هەڵاوسانە سامناکەدا کە پشتی ئێمە چەماوە، لە ساڵی ٩٩دا مووچەیان بۆ زیاد نەکردووین".

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە خەڵکی مەشهەد بەنیسبەت گرانی و دۆخی خراپی ژیان لە پارکی میللەتی مەشهەد کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان بۆ سەر ئەم کۆبوونەوەیە بردووە و بڵاوەیان بە ناڕازییان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە خانەنشینانی ئیدارەی دووخانیاتی ڕەشت لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا وتوویانە، بەڕێوەبەریی دووخانیات زیاتر لە ٤٠ کەسی خانەنەشینکراوی دووبارە هێناوەتەوە سەر کار، لە حاڵێکدا کوڕ و کچانی ئێمە و ئەو لاوانەی کە خوێندنی باڵایان هەیە بێکارن.

هەروەها مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی نەیشکەری حەفت تەپە ٤٠ ڕۆژی تێپەڕاندووە و کرێکاران لە بەردەم نووسینگەی بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە شاری شووش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.