کوردستان میدیا : بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە وڵاتی ڕووسیە و لە لایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کوردەکانی سوڤییەتی پێشوو سێمینارێک بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕ، سێمینارێک بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری کراسنۆدار بەڕێوەچوو.
لەم سێمینارەدا کە بەشداریی بەشێک لە کوردانی ڕووناکبیر، مامۆستا، ڕۆژنامەوان، مێژووناس و کەسانی ناودار بەڕێوەچوو، لە سەر ڕۆڵی شۆڕشگێڕیی دوکتور قاسملوو، خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تیرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس کرا.
پاشان پەیامی دەزگای پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئەندامێکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کوردانی سۆڤییەتەوە پێشکەش کرا.
پاشان ڕۆژنامەوان "هەژار شامل"، چەند وتەیەکی سەبارەت بە دوکتور قاسملوو و شۆڕشی کورد پێشکەش کرد و هەروەها باسی لەو تایبەتمەندییانەی شەهید قاسملوو کرد کە ئەو لە ڕێبەرانی دیکەی کورد جیا دەکاتەوە.
لە درێژەی سێمینارەکەدا "لەتیف برووکی" باسێکی لە سەر مێژووی خەباتی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد، هەروەها چەندین کەس لە ڕووناکبیران و مێژووناسانی بەشدار، ڕاوبۆچوونی خۆیان لە سەر دوکتور قاسملوو باس کرد.
لە دوایین بڕگەی ئەم سێمینارەدا، شاعیر "دوورسون بالایۆڤ" و "عەودلێ ئیبراهیم شەمۆ" بۆ یادی دوکتور قاسملوو چەند پارچە شێعریان پێشکەش کرد.