کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کابۆل و هەرات دژ بە ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان کرا

11:59 - 23 بانەمەڕ 2720

خەڵکی هەرات و کابۆل لە وڵاتی ئەفغانستان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە نوقمکردنی دەیان کۆچەری ئەفغانی لەلایەن ئێرانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، خەڵکی کابۆل و هەرات لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە "کابۆل" و کۆنسولخانەی ڕێژیمی ئێران لە "هەراتـ"ـدا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

"هەواڵدەریی فەرانسە" لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندەران دروشمگەلی "مەرگ بۆ خامنەیی و ڕووحانیـ"ـیان وتووەتەوە.

هەروەها "هەواڵدەریی تلووعی ئەفغانستان"، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندەران ئەو هەوڵەی بەناو سنوورپارێزانی ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانێکی دژەمرۆیی زانیوە و داوایان لە حکوومەتی ئەفغانستان و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان کردووە کە بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەو بابەتە بکەن.

کاربەدەستانی ئەفغانستان وتوویانە کە کرێکارانی ئەفغانی لە کاتیکدا گیانیان لەدەست داوە کە ویستوویانە لە پارێزگای هەراتەوە بە شێوەی نایاسایی بچنە ئێران.

دەوڵەتی ئەفغانستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ١٨ تەرم دۆزراوەتەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستەیانەوە دیارە.