کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢١٦ کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە

17:55 - 5 گەلاوێژ 2720

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە بە گیانلەدەستدانی ٢١٦ کەسی دیکەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٧٠٠ کەس.

''سیما سادات لاری'' وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢ هەزار و ٣٣٣ کەسی دیکە لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ٢٩١ هەزار و ١٧٢ کەس.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، هەر وەکوو ڕۆژانی پێشوو، پارێزگاکانی ''خووزستان، مازندەران، فارس، تەورێز، ئەلبۆرز، ورمێ، سنه، ئیلام، کرماشان، گوڵستان، کرمان، زەنجان و خوراسان'' لە دۆخی سووردان  و ١٣ پارێزگای دیکەش لە دۆخی هۆشداریدان.

لە حاڵێکدا هەر ڕۆژ ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەرز دەبێتەوە،  سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، دەبێ ڕێوڕەسمە ماتەمێنییەکانی مانگی "موحەڕەم" لەوپەڕی شکۆ و گەورەییدا بەڕێوە بچێت.

لە نوێترین کۆبوونەوەی ستادی بەرەنگاربوونە دژی کۆرۆنا، "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران پێداگریی کردووە کە دەبێ ماتەمێنیی "تاسووعا و عاشوورا" لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە دۆخی سوور یان زەرددان، بەڕێوە بچێت.

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا گەورەترین مەترسیی بۆ سەر تەندروستی و ژیانی خەڵک دروست کردووە و هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران بۆ کۆنترۆڵی ئەم نەخۆشییە هەنگاوێکی جیددیی هەڵنگرتووە.