کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دوشەممه، ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاوو لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کانادا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی شەھیدان لە گۆڕەپانی سەرەکیی ناوەندی شاری ڤانکۆوێر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی ھێرشی تاوانکارانە و تێرۆریستیی ڕێژیمی تاران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد کۆبوونەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و پاراستنی بێدەنگی بە حورمەتی شەھیدانی گەل دەستی پێکرد.
دواتر "حەمید بەھرامی" مەبەست لە خۆپیشاندانەکەی بۆ ئامادەبووان و ھاووڵاتییانی کانادایی شی کردەوە.
دواتر پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانی کوردی "ئەنوەر کەریمی" و بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن "ئیسمایل ئیبراھیمی" پێشکەش کرا.
پەیامی خۆپیشاندەران ھەڵگری تووڕەیی و ڕق و بێزاری لە کردەوە جینایەتکارنەکەی ڕێژیمی تاران بوو و تێیدا وێڕای ئاماژە بە چندین نموونە لە زۆرداری و سەرەرۆیی و کردووەی تێرۆریستیی داگیرکەران داوای لە کاربەدەستانی کانادایی، دام و دەزگا نێونەتەوەیی و مرۆڤدۆستەکان کرد کە لە ئاست جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و زەختی زیاتر بخرێتە سەر ڕێژیم بۆ کۆتایی ھێنان بە شاگیرکەری و پێشێلکردنی سەرەتایی ترین مافەکانی گەلی کورد لە ئێران دا.
ئەم خۆپیشاندانە بە درۆشم و بلاوکردنەوەی پەیامی ئامادەبوان لە نێو ھاووڵاتییانی کاناداییدا کۆتایی پێھات.