کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کانتینێرەکانی ئێران لە بولغارستان دەست بەسەر چوارسەد کیلۆ "هێرۆئینـ"ـدا گیرا

11:28 - 29 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان بەرپرسانی دادوەریی وڵاتی بولغارستان ڕایانگەیاند کە چوارسەد و یەک کیلۆ هێرۆئینیان لە کانتینێرەکانی ئێران دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

بە وتەی دادستانی بولغارستان، ئەو کەشتییەی کە هەڵگری ئەو کانتینێرانە بووە، ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان لە ''دوبەی'' گەیشتووەتە بەندەری ''وارنا'' لە دەریای ڕەش.

بەپێی ڕاپۆرتەکان مەئمورانی گومرۆکی بولغارستان دەستیان بەسەر نزیکەی ٥٠٠ بەستە هێرۆئینی حەشاردراو لەو کانتینێرانەی کە لە ئێرانەوە هاتوون، گرتووە.

دادستانی بولغارستان وتوویەتی، خاوەنی ئەو شیرکەتەی کە ئەو بارەی هاوردە کردووە و هەروەها مەئموورێکی گومرۆک بە تۆمەتی قاچاخی مادەی هۆشبەر دەسبەسەر کراون.

بەهای ئەم بارە قاچاخە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلار بەراورد کراوە.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی گەورەترین باری هێرۆئین لە مێژووی ئیدارەی گومرۆکی بولغارستان بە کێشی ٧١٢ کیلۆ لە دوو بارهەڵگری ئێرانی کە بەرەو وڵاتی ئۆتریش دەچوون، دەستی بەسەردا گیرابوو.