کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و شارە گەشەنەسندووەکانی ئێران کێشەی کەمیی "پزیشکی پسپۆڕ" هەیە

10:22 - 7 بەفرانبار 2721

لە زۆرینەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێک لە شارەکانی ئێران کێشەی کەمیی پزیشک و بەتایبەت کێشەی کەمیی پزیشکی پسپۆڕ هەیە. لە ئێران ٨٨ لەسەدی پزیشکانی پسپۆڕ لە تاران و شارە گەورەکانن کە ٥٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دێنن؛ ٥٠ لەسەدەکەی دیکە، ١٢ لەسەدی پزیشکە پسپۆڕەکانیان بۆ تەرخان کراوە.

بەپێی یاسای ڕێژیمی ئێران دەبێ ٣٠ لەسەدی پزیشکانی پسپۆڕ دوای وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە ناوچە گەشەنەسەندووەکان کار بکەن، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوی پزیشکی، نادادپەروەری لە شێوەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەدا هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی باڵای کولتووریی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچە گەشەنەسەندووەکانی ئێران بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ٣٨ پزیشکی پسپۆڕ هەیە کە زۆر کەمترە لە ئاستی نێونجیی وڵاتانی پێشکەوتوو.

لەمبارەوە بەناو نوێنەری خەڵکی بروجرد لە پارێزگای لوڕستان لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕێکی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو: "ئێمە لە بەشی ژناندا لەگەڵ کەمیی پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکردن لە ژوورە نەشتەرگەرییەکان بەرەوڕووین؛ هەروەها پسپۆڕی نەخۆشە چڵکییەکان و پسپۆڕی منداڵانمان زۆر کەمە".

کەمیی پزیشک و خزمەتگوزاریی پزیشکی، زۆر جار ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. لە دوایین نموونەدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، بەشێک لە هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی "سینا"ی "کامێران" سەر بە پارێزگای سنە، لەمەڕ کەمیی پزیشک لەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی ئێران، ساڵانە ٨٩٩ پزیشکی پسپۆڕ لەو وڵاتە کۆچ دەکەن و نزیکەی ٨٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆی پزیشکی لە بواری پسپۆڕیش، هەوڵ دەدەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن بۆ کار.

ئابووریی داڕماوی ئێران گرینگترین هۆکاری کۆچی پزیشکانە بۆ دەرەوەی وڵات. هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی کوردستان هۆکاری ڕووکردنی پزیشکانی ئەم ناوچانەیە لە شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و... .