کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات لە شاری مەریوانی هەمیشە دێموکرات، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لە شوێنەکانی وەک: "گەڕەکی لەیلاخییەکان و سەرجەم کۆڵانەکانی، تەنیشتی مزگەوت، سێڕێیانی بێهزیستی، نزیک مزگەوتی چوار یارینەبی، دەورووبەری مزگەوتی هەژارە و پشت شەقامی دوکتور قاسملوو چالاکییان بەڕێوە بردووە.
لەو چالاکییانەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات بە نووسینی دروشمی وەک: "سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، شەهید نەمرە وەکوو شاخ، سڵاو لە شەهیدانی کوردستان، سڵاو لە پێشەوای کوردان، ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و شەهید باڵای بەرزە بە قەد باڵای کوردستان" پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
لە شاری مەهابادی قارەمان، ڕێبورانی ڕێگای ئازادی لە شوێنەکانی وەک: "باغی مکائیل، فەلەکەی مەنگووڕان و هوتێل کوێستان، تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان بڵاو کرایەوە.
لە شاری شنۆ، بۆ ڕێزگرتن لە ئامانجی شەهیدانی کوردستان، تێکۆشەڕانی دێموکرات، سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کردووە و گوڵی سووریان لەسەر مەزاری شەهید "عومەر دۆستی و شەهید بایزید، کوڕی حاجی حهسهنی ئاڵیاوێ" داناوە و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجەکانیان نوێ کردووەتەوە، هەروەها لە میرئابادی شنۆ و دامداران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە تاران، قارەمانی دێموکرات بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لە "حەسارەک" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و بە دروشمی وەک: "شەهید نەمرە وەکوو باوەڕی پێشمەرگە، ڕاسان بەردەوامە، شەهید ڕەمزی هەرمان و هەروەها بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستیر، یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت.
لە شاری سەقزی پێشمەرگەپەروەر، پێشمەرگەکانی شار، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، بەڵێنیان داوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانی پێشەوای سەرکۆمار درێژە بە خەبات دەدەین و لە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک ناترسێین. لە بۆکانیش پێشمەرگەکانی شار، بە شەکاندنەوەی یوبیلی حیزبی دێموکرات، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
لە پاوەی دێموکرات، بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان سروودی شۆڕشگێڕیی "هۆ کاکی پێشمەرگە"یان بڵاو کردووەتەوە.
لە شاری بۆکان، پێشمەرگەکانی شار لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کردووە و پەیامی حیزبی دێموکراتیان پێ گەیاندوون. لەو چالاکییەدا لە میراواێی بۆکان، لە سیدیدا ژیاننامەی شەهیدانیان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کردووە. هاوکات دەستەگوڵی وەفاداریان لەسەر مەرزای شەهید "سەروان ئەفیشن" داناوە.
لە شاری نەغەدەی قارەمان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، لە مەمەلیان و خەلیفلیان، جادەی خەلیفلیان و سێڕێیانی محەممەدیار، به هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە، ڕێزیان لە ڕۆژی شەهیدان گرت.
لە سنەی خوێناوی، تێکۆشەرانی دێموکرات، به بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانە، دروشمی وەک: "شەهید ڕەمزی هەرمانە، شەهید مەشغەڵی ڕێگای تێکۆشانە و شەهید نەمرە وەکوو باوەڕی پێشمەرگە، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە. هاوکات تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سنە، لە پەیامێکی دەنگیدا بڵاویان کردووەتەوە، ئێمە ئەندامان و هۆگرانی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەینەوە و پەیمان دەدەین هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان وفادار بە ڕێبازی شەهیدان دەبین.
لە خۆراسانی هەمیشە کوردستانەوە، لە شاری "بجنورد"، سەر بە خۆراسانی باکوور، تێکۆشەرانی دێموکرات، لە پەیامێکدا پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە، جلوبەرگی کوردیان لەبەر منداڵان کردووە و پەیمانیان نوێ کردووەتەوە کە نەوە دوای نەوە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان دەبن.