کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات له شاری مەهاباد لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و خەباتی ڕاسان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شار، لە شاخی "خوداپەرەست" چالاکییی تەبلیغییان ئەنجام دا و پەیامێكیان ڕوو لە خەڵکی مەهاباد بڵاو کردەوە.
لەو چالاکییەدا کۆمەڵێک دروشمی وەک: "سڵاو لە هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سڵاو لە دێموکرات، سڵاو لە ڕاسان"، نووسراون.
پێشمەرگەکانی شار لە پەیامێکی نووسراوەدا ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، "گەلی کوردی ڕۆژهەڵات باش بزانن ڕاسان بەردەوامە، ئازادیی ڕۆژهەڵات زۆر نزیکە، تکایە پشتیوانی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەن. پشمەرگە و گەل بێ یەکتر مانایان نییە".