کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

17:26 - 18 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئاگرتێبەردانی گوندی نییەر لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانە پوستێر و تراکتی تایبەت بە ١٨ی ڕەزبەریان لەنێو گوندی نییەر بڵاو کردووەتەوە، هەروەها ئاڵای کوردستانیان بە نیشانەی خۆڕاگریی خەڵکی نییەر و بەردەوامبوون لە خەباتی ڕزگاریخوازی، لە بەرانبەر ئەو گوندە هەڵ کردووە.

لە دوای لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی شاری "مەهاباد" لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٦٢ی هەتاوی، هێزی بێستوون بە فەرماندەیی شەهید "شاپوور فیرووزی" بڕیاری دا ٥٩ عەمەلیات دژی ڕێژیم ئەنجام بدات. بەشێکی ئەو عەمەلیاتانە بە گرتنی پایگاکانی ڕێژیم لە گوندەکانی "نییەر و تەنگیسەر" بەڕێوە چوو.

ڕێژیم بۆ تۆڵەئەستاندنەوە، لە ١٨ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا هێرشی کردە سەر گوندەکانی "نییەر و تەنگیسەر" و ماڵ و حاڵی خەڵکی ئاگر تێبەردا کە چەندین کەس شەهید و بریندار کران.