ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا باسیان لە دۆخی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرد. هەروەها لەو بوارەدا باس لە ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی و بەرنامە پێویستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێکخستنی خەباتی خەڵک و تێكۆشانی ئۆرگانیزاسیۆنی حیزب کرا.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراو بەنیسبەت کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی
هاونیشتمانییانی بەڕێز!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی ههتاوی، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان، کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.
سەرهتای کۆبوونەوەكه، بەڕێز لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەستووری کاری کۆبوونەوەی خستە بەر باس و دوای پەسندکردنی لەلایەن کۆبوونەوەکەوە، لە یەکەم بڕگەدا ڕاپۆرتێکی سیاسی لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجرییەوە پێشکەش کرا.
لەو ڕاپۆرتەدا بەڕێز هیجری سەرەتا باسی لە دۆخی ئێران پێش لە دیاریکردنی "ڕەئیسی" وەکوو سەرۆککۆماری دیکەی ڕێژیم کردبوو و لەوێدا بەستێنە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستییەکانی ئێران و ههروهها دۆخی ناوچەکە کە بوونەتە هۆی خولقاندنی دۆخی هەنووکەیی کە ئاکام و درێژەی سیاسەتی سیستمی ویلایەتی فەقیهی بووە، باس کرد.
لەو ڕاپۆرتەدا کە لێپرسراوی گشتی لهژێر ناوی: "ڕەئیسی، میراتگری دەوڵەتی ڕووحانی" باسی كرد، ئاماژەی بەو دۆخە پڕ قەیرانە ئابووری و شپرزەییە سیاسی و دۆخە پڕ سەرکوت و کوشتارە و دەستێوەردان و پەرەپێدان بە تێرۆریزمە کرد کە ئێران و ناوچەی بەرەو قەیرانە لەبن نەهاتووەکان بردووە.
کۆماری ئیسلامی کە دوای ڕێککەوتنی بەرجام داهاتەکانی تەنیا خەرجی سپا و گرووپە تێرۆریستیرەکانی دەکرد؛ بە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام، ئەو سەرچاوە داهاتەشی لەدەست دا و گەمارۆکان بوونە هۆی وێرانتربوونی دۆخی ئابووریی ڕێژیم. ئەمە لە کاتێکدایە کە پەتای ماڵوێرانکەری کۆرۆنا، زیاتر بێسەروبەری و سیاسهته دژەمرۆییانەکانی ڕێژیمی دەرخست و دەستەوەستانی و نەزانیی ڕێژیم لە بەرامبەر کۆرۆنادا کۆمەڵگای ئێرانی بەتەواوی تووشی بێهیوایی کردووە. لە لایەکی دیکەوە دۆخی خەڵک لە ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێک کە له خۆپیشاندانەکانی ٩٦ و ٩٨دا، ترسیان لەم ڕێژمە کەم بوویهوە و لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەی ئەحوازدا بەتەواوی ترسیان شکا و لەم بڕگەیەدا بەو پشتیوانییە بەرین و کەم وێنانەی کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بە تایبەت خەڵکی تاران لە لایەک و شەپۆلی پشتیوانیی وڵاتانی دیکە یەک لەوان ئامریکا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ئاستی خەباتی خەڵک قۆناخێکی دیکە بەرەو سەرهوه هەڵکشا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە ڕێژیم تەنیا و تەنیا پشت بە هێزە ئەمنیەتییەکانی دەبەستێت و بە دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وهكوو سەرۆککۆمار و ههروهها به پێکهاتەی دەوڵەتەکەی نیشانی دا کە ڕێژیم هەرچی زیاتر دەسەڵات قۆرخ و یەکدەست دەکات، لە بەرانبەریشدا خەڵک پەرەی زیاتر بە خەباتیان دەدەن، ئەمەش بەتایبەت لە کەمپەینی بەرفراوانی سەرتاسەری بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی سەرۆککۆماری و شۆراکاندا بە ڕوونی خۆی نیشان دا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا بەڕێز هیجری باسی لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەیی کردبوو، لەژێر ڕێنوێنیی ئەو هەڵسەنگاندنەدا باسی لە ئەگەرەکانی بەردەم کردبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چۆن بەرەو پەلەقاژەی مانەوەی هەنگاو دەنێ و خەباتی خەڵک بەرەو چ ئاست و دۆخێک دەڕوا.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە لە بەرامبەر ئەم گشتە قەیرانە کەڵەکەبووەدا، کلیلی چارەسەری سەرکۆماری تازە وەک لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماریدا وتی: "حەرەکەت لە ڕێڕەوی ئەو بایەخانەیە کە مەبەستی ئیمام خامنەییە" هەروەها وتی ئەرکی ئەو "پاراستنی میراتی شۆڕشە". هەر لە ئێستاشەوە ڕوونە کە ئەو قەیرانانە کە لە حاڵی پەرەگرتنی زیاتریشدانە بەو کلیلە چارەسەر ناکرێن و لە ئاکامدا و سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی و دەوڵەتەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە کارەساتبارتر لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕووحانی دەبێت.
لەو ئەگەرانەدا باس لە دۆخی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرابوو و لەو بوارەدا ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی و بەرنامە پێویستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێکخستنی خەباتی خەڵک و تێكۆشانی ئۆرگانیزاسیۆنی حیزب باس کرابوو.
دوای کۆتاییهاتن بە ڕاپۆرتەکە بەشدارانی کۆبوونەوە بە تێروتەسەلی لەسەر ڕاپۆرتەکە و لێکدانەوەی دۆخەکە قسەیان کرد و ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەندتر کرا و بڕیاری پێویست بۆ ئۆرگانەکانی حیزبی درا.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی هاوبەش، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو کە لەلایەن بەرپرسی هەیئەتی وتووێژ بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان پێشکەش کرا و لەوێدا دوایین ئاکامەکانی دانیشتنەکان و ڕێککەوتنەکان باس کرا و کۆبوونەوەکە وێڕای تەئیدی ڕاپۆرتەکە و کارەکانی هەیئەتی پێوەندیدار، پێداگریی لەسەر درێژەدان بەو وتووێژە بە مەبەستی هەرچی خێراتر بەئاکامگەیاندنی ڕەوتەکە کردەوە و پێداگریی لەسەر درێژەی کاری هەیئەت بۆ ڕێککەوتن لەسەر خاڵەکانی دیکەی ڕێککەوتنامە کردەوە.
بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە باس لەسەر کار و هەنگاوەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کە وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر کاری هاوبەشی هێزەکان و بەهێزکردنی ناوەندی هاوکاری، ڕێنوێنیی پێویست بۆ بەردەوامیی کار و بەرنامەکانی بەردەم ناوەندی هاوکاری بە هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوەندەدا درا.
کۆبوونەوەکە دوای باس لەسەر بڕگە و بەرنامە کارییەکانی، وێرای بڕیاردان لەسەر بەرنامە بەردەستەکان، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
نووسینگەی کارگێڕی
٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠