کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، لە هەر دوو کاتژمێر کەسێک گیانی لەدەست‌ دەدات

12:48 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خراپی ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار، لە هەر ڕۆژێکدا گیانی ٤٧ کەس لە هاووڵاتییانی ئێرانی دەستێنێت.

جێگری بەرپرسی سەرچاوە مرۆیییەکان و پشتیوانیی ڕێکخراوی هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران، ئامارێکی لە بارەی زیانی گیانیی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکانی ئێرانی بڵاو کردەوە، کە بەپێی ئەو ئامارە ڕۆژانە بە شێوەیەکی نێوەنجی ٤٧ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست‌ دەدەن.

بەهرام غەیبی، جێگری بەرپرسی سەرچاوە مرۆیییەکان و پشتیوانیی ڕێکخراوی هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای باسکردنی ئەم ئامارە وتبووی: "کوژراوانی ڕێگاکانی دەرەوەی شار، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە، بە شێوەیەک کە ساڵی ڕابردوو ١٧ هەزار کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە دەرەوەی شاردا گیانیان لەدەست داوە".

خراپیی ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکان و خراپی ماشینە دروستکراوەکانی نێوخۆی ئێران، هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانن.

پێشتر لە وتووێژێک لەگەڵ خودایار خاشع، کە لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، لە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاو کرابوو،  ناوبراو سپای پاسدارانی بە هۆکاری خراپی و لە خواربوونی ئاستی چۆنیەتیی ڕێگاوبانەکانی ئێرانی زانیبوو، بە شێوەیەک کە بە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیاکانی سەر بە سپا لە کاتی موناقسەکاندا دەتوانن ڕیسکێکی زیاتر بکەن، چونکە دەزانن ئەگەر کێشەی نرخ یان تێچوویان هەبێت، بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە و لە ئاکامدا بە کەیفیەتێکی خوارەوە ڕێگاوبانەکان دروست دەکرێن.

هەروەها ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتبووی: کە خەڵکی دەبنە قوربانیی کەمنرخبوونی موناقسەی کۆمپانیاکانی سەر بە سپا.