
بەڕێوبەری گشتیی پیشەی وەزارەتی کار و ئاوەدانیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "٤٢ لەسەدی بێکارانی ئێران، حەشیمەتی خاوەن بڕوانامەی زانکۆن و لانیکەم ١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بێکار لەو کەسانەن کە خاوەن بڕاوانامانەی زانکۆیان هەیە و لە ئێستادا بێکارن".
هەروەها "ئەسغەر کێشتکار" فەرمانبەری سەرۆکی زانکۆی زانستی کردەیی، ئاماری ڕێژەی بێکاری درەچووانی زانکۆی لە ئێران ٤٢ لەسەد بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی: "ئاماری بێکاری ئەو کەسانەی ژێر دیپلۆمیان خوێندووە ٣١ لەسەدە، نەخوێندەوار ٣ لەسەد، خوێندکاری باڵا ٤٢ لەسەد و دیپلۆم ٢٤ لەسەدە.
"کێشتکار" هەروەها وتوویەتی ئاکامی ئەو بابەتە ئەوە پیشان دەدا کە ٥٢ لەسەدی بەشداربووان نایەنهەوێ بڕۆنه زانکۆ و درێژە بە خوێندن بدەن هەروەها پەروەردەی باڵا نەیتوانیوە متمانەی لاوەکان بەدەست بهێنێت.
فەرمانبەری سەرۆکی زانکۆی زانستی کردەیی لە پەیوەندیی لەگەڵ چارەسەریی بێکاری و دیتنەوەی پیشە بۆ لاوەکان وتوویەتی: "دەبێ بۆ سەرکەوتن بەڵگەی پەروەردە و ڕاهێنانی باڵات هەبێ، بناغەی تەواوی پیشەکان لە ڕاهێنانێکی باڵادایە، کە وایە دەبێ ڕشتەی نوێ پێک بهێندرێن و پیشەکانیان باوەڕپێکراو بن.