کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ناڕەزایەتییەکان گشتگیرتر دەبنەوە

11:24 - 8 بانەمەڕ 2720

مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران ترسی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکانی دوای کۆرۆنا دەربڕیوە؛ ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە بارودۆخی واقیعی ڕێژیم و پەیوەندی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات بەبەراورد لەگەڵ ئەوەیکە ڕێژیم نیشانی جیهانی دەدات زۆر ئاڵۆزترە.

ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' ئاماژەی بەوە کردووە کە داڕمانی ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە داهاتوودا حاشاهەڵنەگرە و لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆرۆنا لەسەر ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و دواجاریش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گشتی لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە خۆپیشاندانەکان گشتگیرتر دەبنەوە و توندوتیژی زیاتریان لێدەکەوێتەوە و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت و بزووتنەوەیەکی سەرانسەری پێک دێنێت.

هەروەها ڕۆژنامەی ''ئارمان'' نزیک لە ''حەسەن ڕووحانی'' بە هەست بە مەترسیی لە دوای ڕووداوەکانی دوای کۆرۆنا نووسیویەتی: "گۆڕانکارییەکانی مانگی خەزەڵوەر نیشانی دا کە کۆمەڵگا لە هەوڵی خۆدەربازکردن لە بارودۆخی ئێستا و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کێشە ئابوورییەکان، بژێوی و ئازادیی کۆمەڵایەتییه؛ لە پاش کۆتایی کۆرۆناش خواستی خەڵک بۆ وەدیهاتنی ئەو خواستانە زۆر زیاتر دەبێت.

ڕۆژنامەی ''ئارمان''  بەرپرسانی ڕێژیم ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر هەست بە بەرپرسایەتی نەکەن دۆخەکە زۆر لەمەی کە هەیە ئەستەمتر و خراپتر دەبێت.

ئەو ڕۆژنامەیە بە تانە لە قسەکانی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەوەی کە خەڵکی بە ''ئاژاوەگێڕ" ناو بردووە دەڵێت: "ئێوە کێشە دەخوڵقێنن و هەڵاواردنی ئابووریتان هێنایە گۆڕێ و دواتریش داوا لە خەڵک دەکەن ناڕەزایەتی دەرنەبڕن".

هەمان ڕۆژنامە بە ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکەی مانگی خەزەڵوەر وتوویەتی: ئێمە نابێ خەڵک بە ئاژاوەگێڕ ناو ببەین، ئەوە ئێوە بوون هەڵاواردنی ئابووریتان هێنایە گۆڕێ و دواتر بە خەڵک دەڵێن کە نابێ خۆپیشاندان بکەن، ناکرێت بێنزین گران بکەیت و چاوەڕوانی دژکردەوەی خەڵک نەبیت. 

هەروەها دەڵێت کە ٨١ لەسەدی هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦، ڕازی نەبوونی خەڵک بوو لە باروودۆخی ئابووریی ئێران.