
لە تەقینەوەیەک کە لە یەکێک لە ئەمبارەکانی چەکوچۆڵی "حەماس" لە کەمپی بورجی باکووری لە شاری "سوور" لە باشووری لوبنان ڕووی دا، لانیکەم ١٠ کەس بریندار بوون.
"دادستانی باشووری لوبنان"، دەزگا ئەمنی و کارناسانی بواری تەقینەوەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، ئەرکدار کردووە.
"هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان" ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕووداوە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەز ڕووی داوە.
هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان وتوویەتی: "ئەو ڕووداوە لە یەکێک لە ناوەندە ئیسلامییەکانی فەلەستینییەکان لە کەمپ ڕووی داوە و تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە ڕوون نییە و هاتوچۆ بۆ کەمپەکە قەدەغەیە".
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکە، چەکوچۆڵێک کە لەو ڕووداوەدا تەقیوەتەوە سەر بە گرووپی تێرۆریستیی "حەماس" بووە.
هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە" لە زمانی شایەتحاڵانەوە وتوویەتی: "تەقینەوەکە لە ئەمبارێکی چەکوچۆڵی حەماس لە باکووری لوبنان ڕووی داوە. ئەو شوێنە، جێگای ڕاگرتنی مووشەک و هاوەن و ڕاکێت بووە".
ئەو گرووپە تێرۆریستییانەی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات (حەماس و ئەلفەتح) زیاتر لە ١٠ ئۆردووگای فەلەستینییان لە لوبنان لەبەر دەستدایە.
کەمپی "بورجی باکووری" لە ساڵی ١٩٥٥ی زایینی لە نزیک شاری "سوور" لە باشووری لوبنان دروست کراوە.