وەزارەتی وزەی عەرەبستان ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوە ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی میلیشیا چەکدارەکانی حوسی بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی لە ''جازان'' ئەمبارێکی بەرهەمە نەوتییەکان تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە.
وتەبێژێکی وەزارەتی وزەی عەرەبستان وتوویەتی، ئەم هێرشە کاتژمێر ٩ی شەو ئەنجام دراوە و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
ناوبراو وتوویەتی ئەم هێرشە نە تەنیا هێرش بۆ سەر حکوومەتی ئەو وڵاتەیە، بەڵکوو هەناردەکردنی نەوەت و ئابووریی جیهان دەکاتە ئامانج و هەروەها کاریگەریی لەسەر ترافیکی دەریایی دادەنێت و لێکەوتەی ژینگەیی بەداوی خۆیدا دێنێت.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش هاوپەیمانانی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستان ٨ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی میلیشیا چەکدارەکانی حوسی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکریت، تێکشاندبوو.
ئەم هێرشانە لە حاڵێکدان کە عەرەبستان چەند ڕۆژ لەمەوبەر گەڵاڵەیەکی نوێی ئاشتی خستبووە ڕوو.
ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی بەردەوامی ماڵی و نیزامی لە میلیشیا چەکدارەکانی حوسی ڕێگری لە دروستبوونی ئاشتی لە یەمەن دەکات و ئەو وڵاتەی بەرەو قاتوقوڕی بردووە.