به‌ردی بناخه‌ی سیاسه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سندووس
دوای په‌سندکردنی "جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ" له ساڵی ١٩٤٨ی زایینی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵی گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، "هانا ئارێنت" (١٩٧٥- ١٩٠٦)، له وتاری "چییه‌تیی مافی مرۆڤـ"ـدا، که‌وته ڕه‌خنه لێگرتنی و دواجار هه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له کتێبی "ئاخێزگه‌کانی توتالیتارسم" و داڕمانی "ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه"، په‌ره پێ دا.
ڕاوه‌سته ڕه‌خنه‌ییه‌کانی "ئارێنت" له‌م دوو نووسراوه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌یه‌ک که له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هاته ئاراوه و به ملیۆن مرۆڤی تووشی ئاواره‌یی، کاره‌ساتی تاقه‌تبڕ، به‌ش مه‌ینه‌تی و هه‌ڵپڕووکان کرد، ئه‌ویش دیارده‌ی "بێ ماف بوون" بوو.
"بێ ماف بوون" دۆخێکه که له‌ودا مرۆڤه‌کان به‌هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌و شوێن و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له‌ودا له‌دایک بوونه، هه‌ستی یه‌کگرتوویی و ته‌بایی له‌گه‌ڵ ژینگهکهکهیان و هه‌ستی ته‌ناهیی هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
پچڕانی ئه‌ڵقه‌کانی پێوه‌ندیی مرۆیی له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی که به یه‌که‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه، هه‌ستی بێ بایەخی و زیادی بوونیان له لا دروست ده‌کات و هه‌ستی گرێدراوی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پچڕێت و مرۆڤگه‌لێکی بن پێ بۆش که پێیان له‌سه‌ر هیچ زه‌وییه‌ک گیرنابێت و له ته‌واوی پەیوهنده کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسییه‌کان دابڕاون؛ دێنێته ئاراوه. ئه‌وانه‌ی مرۆڤگه‌لی بێ ماف و زیادین.
له وه‌ها بارودۆخێکدا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، خه‌ڵکی زیادی له ته‌واوی مافه‌کانی سیاسی، سڤیلی و ته‌ناهی بێبه‌ش ده‌کات و ته‌نانه‌ت ئه‌رکی پارێزگاری کردن له گیانی ئه‌وانیش ناگرێته ئه‌ستۆ و له ڕاستیدا پێگه‌ی مافخوازییان لێ ده‌ستێنێته‌وه.
که‌وابوو بێ ماف بوون ئاماژه به دۆخێک ده‌کات که له‌ودا مرۆڤ به‌ستراوه به هیچ کۆمه‌ڵگایه‌کی سیاسی نییه و هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هیچ سیستمێکی یاساییه‌وه پارێزگاری‌یان لێ ناکرێت، ئاواهایه "ئاگامبێن" وته‌نی مرۆڤ ده‌خرێته نێو ژیانێکی ڕووته‌وه و وه‌ک مرۆڤی ڕووتیش سه‌یر ده‌کرێت.
هه‌روه‌ک له پێناسه‌ی "بێ ماف بوون" ده‌رده‌که‌وێت که بێ ده‌وڵه‌تی یان نه‌بوونی به‌ستراوه‌یی و پێوه‌ندی به ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه، وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی سیاسی، هۆکاری خولقانی "بێ ماف بوونـ"ـه.
"هانا ئارێنت" هه‌لومه‌رجی "بێ ماف بوون" که له ڕێگه‌ی پچڕانی ئه‌ڵقه‌کانی پێوه‌ندیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دێته ئاراوه وه‌ک کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره و پارادۆکسیکاڵی مافی مرۆڤ دێنێته ئه‌ژمار.
مافی مرۆڤ که له مافی سروشتیی سه‌ده‌ی هه‌ژده وه‌رگیراوه، هه‌ر ئه‌و مافه‌یه که له شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا ڕه‌نگڕێژکراوه و له‌نگه‌ری له‌سه‌ر گیراوه و به چاوپۆشی و له به‌رچاونه‌گرتنی به‌ستراوه‌یی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤه‌کان، ئه‌وانی به شیاوی که‌ڵک وه‌رگرتن له مافی سروشتی زانیوه، که‌چی دۆخی "بێ ماف بوون" پێمان ده‌ڵێت که ئه‌و مافه سروشتییه‌ی که نه‌ده‌توانرا له مرۆڤی بستێننه‌وه، هه‌ر که مرۆڤ نه‌که‌وێته نێو جغز و پێکهاته‌ی به‌ستراوه‌یی سیاسییه‌وه، کۆچ ده‌کات و ئیتر ناتوانێت خاوه‌نی ئه‌و مافه‌ش بێت. که‌وابوو به‌پێچه‌وانه‌ی واده و به‌ڵێنییه‌کانی ئاڵاهه‌ڵگرانی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر ڕه‌واداریی مرۆڤ، له مافی سروشتیی خۆی، پێناسه‌ی مافی مرۆڤ و به‌هره‌مه‌ندیی مرۆڤ له‌و مافه به‌ستراوه‌ته‌وه به پێوه‌ندیی سیاسیی مرۆڤه‌کان به چوارچێوه‌ی سیستمێکی یاسایی تایبه‌ت و له‌نێو سنووری یه‌که‌یه‌کی سیاسیی یه‌کده‌ستدا.
کاتێک مرۆڤ مافی شارۆمه‌ندیی پێشێل ده‌کرێت، مافی مرۆڤ ده‌بێته بابه‌تێکی گاڵته‌جاڕانه و ته‌نیا ده‌بێ وه‌ک هەندێک جه‌وهه‌ری سه‌ر کاغه‌ز و لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌کان چاوی لێ بکرێت. کاتێک مرۆڤ له مافی پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌ماڵدرێت و خاوه‌ن کیانی سیاسیی خۆی نییه و سه‌ر به هیچ چین و توێژێکیش نامێنێت، ڕه‌وانه‌ی ئۆردوگاکانی کاری زۆره‌ملێ ده‌کرێت و له‌نێو کووره‌کاندا ده‌سووتێنرێت و له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیستدا ئه‌نفال ده‌کرێت و کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی به‌سه‌ر دێت و ناچار به کۆڵبه‌ری ده‌کرێت، ئه‌ویش ته‌نیا له پێناو نه‌هێشتنی پێداویستییه زهروورییهکانی ژینهکەیدا که به وته‌ی "ئارێنت" ئه‌مه‌یان خاڵی هاوبه‌شی ژیانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵه و له خانه‌ی "زهحمهتـ"ـدا جێ ده‌گرێت. "ئه‌وه‌یه چاره‌نووسی مرۆڤی زیادی و مرۆڤی بێ ماف."
"ئارێنت" سه‌باره‌ت به کێشه‌ی مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: "وێناکردنی مافی مرۆڤ له کاتێکدا یار و نه‌یاری ئه‌م دیارده‌یه، له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رێک ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه که ته‌واوی پێوه‌ندییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ جیهانی هاوبه‌شیان تێکشکاوه و هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه و وه‌ک مرۆڤێکی ڕووت ماونه‌ته‌وه، چ مانایه‌ک دەبەخشێت و له هه‌ناوی ژیانی ڕووتی مرۆڤدا چ بایەخێک ده‌مێنێته‌وه؟"
له هەندێک له نووسراوه‌کانی "ئارێنت" ڕا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ناوبراو له‌سه‌ر پرسی مافی مرۆڤ، له‌ژێر کاریگه‌رێتیی "ئیدمۆند بێرکـ"ـدا (١٧٩٧- ١٧٢٩) بووه. "بێرک" له دژکرده‌وه‌یه‌کدا له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی "ڕاگه‌یه‌ندراوی مافی مرۆڤ و شارۆمه‌ندی" له دوای شۆڕشی فه‌رانسه، ڕه‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی ئه‌م مافه کرد. به باوه‌ڕی "بێرک" مافی مرۆڤ داواکاریی گه‌لێکی ناسراون که به‌بێ سه‌رنجدان به نیزامێکی یاسایی و سیاسی که نه‌توانێت به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌ی گارانتی بکات، بێ مانا ده‌بێت. "بێرک" باوه‌ڕی وابوو که نیزامی یاسایی و سیاسی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه، ته‌نیا ئۆرگانێکه که ده‌توانێت له به‌رابه‌ر مافی مرۆڤدا ڕابووه‌ستێت، که‌وابوو یاسا له بۆشاییدا و جیا له ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه ناتوانێت بوونی هه‌بێت.
به باوه‌ڕی "هانا ئارێنت" ئه‌زموونی تاڵی شه‌ڕه‌کانی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی و داته‌پینی هێندێک نیزامی سیاسی و ئاواره‌یی و سه‌رلێشێواوی به ملیۆنان که‌س، ئیزمان ده‌دات دیسان ڕاوه‌سته له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی "ئیدمۆند بێرک" بکه‌ین و ده‌روویه‌کی واڵاتر به‌ڕووی مافی مرۆڤدا بکه‌ینه‌وه.
"ئارێنت" بۆ سه‌لماندنی بۆچوونی "بێرک" ده‌ڵێت: "به‌پێی بۆچوونی بێرک، ئه‌و مافه‌ی ئێمه سوودی لێ وه‌رده‌گرین له هه‌ناوی ده‌وڵه‌ته‌کان هه‌ڵده‌قوڵێت. که‌وابوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م مافه، نه مافی سروشتییه، نه فه‌رمانه‌کانی خودایه و نه هیچ تێگه‌شتنێکی تایبه‌ته بۆ مرۆڤ".
"ئارێنت" هاوڕێ له‌گه‌ڵ "بێرک"، سه‌رنجی به‌رده‌نگه‌کانی بۆ ئه‌م خاڵه ڕاده‌کێشێت که مافی چه‌سپاو له جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤدا، نه زاتی و سروشتی، به‌ڵکوو مافی جه‌ماوه‌رێکه که له‌ژێر چه‌تری پارێزگاریی ده‌وڵه‌تێک و سیستمێکی یاساییدان. مافی مرۆڤ له پێش هه‌موو شتێکدا کۆمه‌ڵێک ڕێسا و یاسای چاوه‌دێر به‌سه‌ر ڕێکخستنی پێوه‌ندیی نێوان شارۆمه‌ندان، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خۆیاندایه. پشکی مرۆڤه‌کان له مافی مرۆڤ ته‌نیا کاتێک ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ که له‌گه‌ڵ نیزامێکی سیاسی – یاسایی پێوه‌ندییان هه‌بێت و به‌ستراوه‌ی ئه‌و بن.
به باوه‌ڕی "ئارێنت"، بێ ده‌وڵه‌تی ده‌بێته هۆی ماڵوێرانی و پارێزگارینه‌کردنی مافی مرۆڤ له‌و مرۆڤانه‌ی که خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆیان نین. هه‌ر بۆیه به‌توندی ڕه‌خنه ئاراسته‌ی داڕێژه‌رانی ئه‌و مافه ده‌کات و ده‌ڵێت: "سه‌ره‌کیترین مافی مرۆڤ یانێ مافی به‌ستراوه‌یی به نیزامێکی سیاسی که له چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤدا نه‌گونجێندراوه، ئه‌وه له کاتێکدایه که پێششهرتی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌ندامبوون له ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، هه‌بوونی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه".
"ئارێنت" مافی ئه‌ندام بوون و به‌ستراوه‌یی به نیزامێکی سیاسی به "مافی خاوه‌ن ماف بوون" پێناسه ده‌کات و لای وایه گه‌ر ئه‌و مافه‌ت نه‌بێت به‌ره‌وه‌ڕووی هه‌موو جۆره ماڵوێرانی و ژینۆساید و ئاسیمیلاسۆنێک ده‌بینه‌وه.
به باوه‌ڕی "ئارێنت" پرۆژه‌ی مافی مرۆڤ به‌هۆی ئه‌وه‌یکه ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر "مافی خاوه‌ن ماف بوون"، نه‌کردووه شکستی هێناوه و لای وایه به‌بێ ئه‌م مافه بنه‌ڕه‌تییه، تێکۆشانی به‌کرده‌وه و بیرکه‌ره‌وانه بۆ چسپاندنی مافی مرۆڤ به ئاکام ناگات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له کاتی دامه‌زرانیه‌وه تا به ئەمڕۆ بۆ یه‌کجاریش سه‌باره‌ت به لابردنی زوڵمی نه‌ته‌وه‌یی سڵی نه‌کردووەته‌وه و به شلی هه‌نگاوی بۆ نه‌ناوه و بگره هه‌زینه‌ی زۆر گه‌وره‌شی له پێناودا داوه. بۆچوونگەلی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه که به شێوه‌یه‌کی سه‌رپێیی ئاماژه‌مان پێ دا، ڕاست و دروستبوونی ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی حیزبمان بۆ درده‌خات و پێمان ده‌ڵێت:
بناخه‌ی سیاسه‌تە سەرکییەکانی حیزب، چه‌نده حه‌کیمانه‌یه و خاوه‌ن چ کانگایه‌کی قووڵی بیری نه‌ته‌وه‌ییه و درەنگ یان زوو نەتەوەکەمان بە "مافی خاوەن ماف بوون"، دەگەیەنێت.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.