کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆییی ژنان لە گرێوی ئیزنی پیاوانە

16:32 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ ژنان لە ئێراندا لەو پرسانەیە، کە بە ڕێگەپێدانی پیاوان جێبەجێ دەکرێت و ژنان بۆ خۆیان لەو پرسە دەوریان نییە.

بەپێی مادەی ١٠٤٣ و ١٠٤٤ی یاسای مەدەنی، یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی هاوسەرگیری بۆ کچان، ئیزنی باوکە و ئەگەر باوک ڕێگە نەدات، کچان دەبێت بە شێوەی یاسایی لە دادگادا ئیزنی ئەو کارە وەربگرن، کە ئەم پرۆسەیە یەک ساڵ دەخایەنێت.

حەمیدە زەرئابادی، ئەندامی فراکسیۆنی ژنان لە مەجلیسی ڕێژیمدا، بە ئاماژەکردن بە چاکسازی ئەو مادە یاسایییە، باسی لە پێشنیاری گەڵاڵەیەکی چاکسازی بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە بە مەجلیسی ڕێژیم کردووە، کە کچان بەبێ ڕێگەپێدانی باوک و ئیزنی دادگا دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، ئەو کچانەی کە تەمەنیان سەروی ٢٨ ساڵە، یان بڕوانامەی کارناسی باڵایان هەیە و ٥ ساڵ پیشینەی کار و بیمەیان هەبێت، دەتوانن بەبێ ئیزنی باوک و دادگا هاوسەرگیری بکەن.

لە حاڵێکدا باس لە پیشینەی کار دەکرێت، کە تەنیا ١٢ لەسەدی ژنان لە ئێراندا لەسەر کارن، لە لایەکی دیکەشەوە تەنیا ٣٦ لەسەدی ژنانی خوێندەوار کاریان هەیە.

داڕشتنی ماددەی ١٠٤٣ و ١٠٤٤ی یاسای مەدەنی، لە حاڵێکدایە کە بەپێی یاسای ئێران، یەکێک لە پرسە کەسیییەکانە و مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ پرسە کەسیییەکان و لە هەڵبژاردندا ئازادە و هیچ کەس ئەو مافەی نییە، بڕیار بەسەریدا بسەپێنێت، بەگشتی ئەم ماددەیە دژەیەکیی یاسای بنەڕەتی ئێران دەردەخات.

هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمەوە، بازرگانی کردنە بە ژنان لە پێناو مارەیی قورس و شیرواییدا، هاوسەرگیریی زۆرەملێیانە بۆ دانەوەی قەرز، لەشفرۆشی زۆرەملێ، توندوتیژی و گوشار بە هۆی یاسای ناکارامە و پیاوسالاری و مەزهەبسالاری لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە.

بەپێی یاسای سیستمی فاشیستی و دژە ژن لە ئێراندا، ژنان تەنیا ئامرازێکن بۆ بەکارهێنانی پیاوانن و تەنیا بۆ باشترکردنی ژیانی ئەوان مافی ژیانیان هەیە.