کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مالێزی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناکات

17:01 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەڕەشەی ئامریکا لە وڵاتانی جیهان بە نیسبەت بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی مالێزی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەپچڕێنێت.

ڕۆژنامەی "مالای میل" لە زاری "ماهاتیر محەممەد" سەرۆکوەزیرانی مالێزی بڵاوی کردەوە، بە هۆی گوشارەکانی ئامریکا بۆ هاوکاریی نەکردنی ڕێژیمی ئێران، وڵاتەی هیچ بژاردەیەکی نییە جیا لەوەیکە دەبێت ئاڵووێره بازرگانییەکانی لەگەڵ تاران کەم بکاتەوە یا بە یەکجاری بپچڕێنێت.

ئەو بەرپرسەی مالێزی باسی لەوە کردووە ئەگەر پابەند بە بڕیارەکانی ئامریکا نەبین زەرەرمەند دەبین و بانک و دروای ئێمە زیانی قورسی پێ دەگات.

پاش دەستپێکردنەوە و تەندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشانەتەوه.

بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک سەرچاوەی سیاسیی پلەبەرزی فەرانسەوی، بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لەگەڵ ئامریکا دانوستان بکات و ڕێگایەکی جیا لە دانوستان نییە. هەروەها بەرپرسانی فەرانسەوی بە کاربەدەستانی ڕێژیمی تارانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەندێک بابەت و مەسەلە لە ڕێگای دانوستان بە ئێران بگوترێت.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئوروپاییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کومپانیا ئوروپاییەکان لە پیوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنن.