کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەریوان: خاکی کوردستان شوێنی خەباتی سەرجەم لایەنەکانە

21:26 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری مەریوان، پاش هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات و شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە کەبە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

میدیا و راگەیاندنە گشتییەکان
هەر وەک ئاگادارن بەرەبەیانی رۆژی ٣ی خۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە بەر پەلاماری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەداخەوە پیشمەرگەیەکی حدکا شەهید و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم کردەوەی پ‌ک‌ک لە کاتێکدا روو دەدات کە کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە یەکڕیزی و تەبایی هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان هەیە.

ئێمە وەک بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەریوان وێڕای مەحکووم‌کردنی ئەو کردەوە قیزەونەی پ‌ک‌ک، رای گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە رادەکێشین:

١ ــ خاکی کوردستان، پانتایی تێکۆشان و خەباتی سەرجەم هێز و لایەنە شۆڕشگێڕ و خەباتکارەکانی کوردستانە و هیج کەس و لایەنێک ناتوانێ بۆ خۆی قۆرخی بکات و بۆی نییە ئەو مافە لە لایەنێکی دیکە زەوت بکات.

٢ ــ شەڕی براکوژی تەنیا لە بەرژەوەندیی نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردە و بۆیە هەر کەس و لایەنێک دەستپێشخەری ئەو تاوانە بێت، لە مێژوودا بە خەیانەتکار دێتە ئەژمار و ئێمەش بە توندی مەحکوومی دەکەین.

٣ ــ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر لە مێژە رۆڵەکانی خۆی ناسیوە و هەر هەنگاوێکی ئەوان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ورە و بووژانەوەی هەستی کوردانەی کۆمەڵانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە تێکۆشانی نوێی حدکا بە دڵنیایی‌یەوە لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و بەتایبەت ئەم بەشەی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

٤ ــ بە باوەڕی ئێمە دەستێوەردانی هەر هێز و لایەنێکی کوردی لە کاروباری هێز و لایەنێکی دیکەی بەشەکانی کوردستان، نە تەنیا هیچ خزمەتێک بە دۆزی رەوای گەلەکەمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی و دەچێتە خانەی خۆشخزمەتی بە داگیرکەرانی کوردستان.

٥ ــ لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرووی هەموویانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، بەشێک لە تێکۆشانی خۆی (چالاکی سەربازی) راگرتووە.

ئێستاش کە بە خۆشییەوە بارودۆخی ئەو هەرێمە مەترسیی داگیرکرانی بە سەرەوە نەماوە و لە پشتیوانییەکی بەهێز بەرژەوەندە، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێ لە پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەر خاڵێکی سنوورییەوە بێتە نێو مەیدانی خەبات.
بژی کورد
بژی کوردستان
سەرکەوێ سەرهەڵدانی خەباتی رۆژهەڵات

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەریوان
رێکەوتی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی