کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان جارێکی دیکە لە دەیان شاری ئێران کۆبونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:30 - 30 رێبەندان 2721

مامۆستایانی ناڕازی لە شارەکانی کوردستان و ئێران لە درێژەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکەیان، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٣٠ ڕێبەندان، ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕزایەتیی خۆیان بەرز کردەوە.

کۆبوونەوەی مامۆستایان دوای بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی پیشەیی مامۆستایان لە دەیان شاری ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو بانگەوازە، مامۆستایان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بەرن.

مامۆستایانی ناڕازی لە حاڵێکدا بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانی خۆیان ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن کە لەلایەن ئیتلاعات و ئیدارەکانی پەروەردە و بار‌هێنان بۆ گوشارخستنە سەر مامۆستایان هۆشدارییان پێ درابوو.

مامۆستایان بە شێوەی گشتی لەسەر بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی و پشتگوێخستنی یاسای وێکچوونی مووچەی مامۆستایانی خانەنشینکراو و هەروەها ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو ناڕەزایەتییان هەیە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دەیان جار مانیان گرتووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

هەتا ئێستا سەبارەت بە داخوازیی مامۆستایان لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە و تەنانەت چەندین مامۆستایان بە تۆمەتی ئەمنییەتی دەسبەسەر کراون.