کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان داوایان لە قوتابییان کرد کە لە مانگرتنەکاندا پشتیوانییان لێ بکەن

17:47 - 9 رێبەندان 2721

لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە ئەمجارە مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی پەیام داوایان لە قوتابییان و بنەماڵەکانیان کرد کە لە ڕەوتی مانگرتنەکاندا هاوکار و پشتیوانیان بن.

لەو پەیامەدا مامۆستایان داوایان کردووە  وێڕای هەموو مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، ئێمەش ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٩ و ١٠ی ڕێبەندان لە چوونەوە سەر پۆلەکانی خوێندن و وتنەوەی وانەکان خۆ دەبوێرین و لەبەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم مان دەگرین.

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، ڕێژیم لە ترسی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی مامۆستایان زۆربەی قوتابخانەکانی شاری "سەقز"ی داخست. هەر بەو هۆیەوە مامۆستایان لە وتنەوەی وانە دەرسییەکان لە ڕێگای ئانلاینیشەوە خۆیان بوارد.

هەروەها بەشێک لە مامۆستایانی خانەنشینکراوی ناوەندی خانەنشیکراوانی سەقز(کانون بازنشستگان سقز) لەبەردەم ئەو ناوەندە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کەمیی مووچەی مانگانە، گوێنەدان بە داخوازییەکان، زیندانیکردن و بێڕێزی بە جێگە و پێگەی مامۆستایان و پێشێلکردنی مافی قوتابییان لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانگرتنی مامۆستایانن.

پێکهێنانی سیستمی خوێندنی سەردەمیانە، بەخۆڕاییکردنی خوێندن بۆ قوتابییان، خوێندن بە زمانی دایکی، دروستکردنی قوتابخانە بە شێوەی ستاندارد و پێکهێنانی دادپەروەری و نەهێشتنی هەڵاواردن لەنێو قوتابییاندا لە داخوازە سەرەکییەکانی مامۆستایانن.

مامۆستایان لە پێناو ڕێگریکردن لە پێشێلبوونی مافی مامۆستایان و قوتابییان داوایان لە قوتابییان و بنەماڵەکانیان کردووە کە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی‌دەربڕینەکاندا هاوکار و پشتیوانیان بن.