کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە کوردستان و ئێران بۆ دووەمین ڕۆژ مانیان گرت

18:03 - 21 سەرماوەز 2721

لە درێژەی مانگرتنی مامۆستایان و بانگهێشتی شورای هاوئاهەنگیی پێکهاتە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز، مانگرتنی گشتیی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

مامۆستایانی کورد لە شارەکانی "ئیلام، سەقز، سنە، ڕوانسەر، دیواندەرە و مەریوان" بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازییەکانیان بۆ دووەمین ڕۆژ مانیان گرت.

هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش وەک "تاران، کەرەج، یەزد، تەورێز، ئیسفەهان و کرمان و..." مامۆستایان مانیان گرت.

شەوی ڕابردوو لە شارەکانی "بۆکان، پیرانشار و سەقز"، هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعات، بەشێک لە مامۆستایانیان بانگهێشت کرد و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ئەگەر لە مانگرتندا بەشداری بکەن دەسبەسەر و زیندانییان دەکەن و لەسەر کار دەریاندەکەن.

مامۆستایان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر گەڵاڵەی پلەبەندی بە شێوەی سەقەت پەسەند بکرێت و مافی مامۆستایان دابین نەکرێت، مان دەگرن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەبەن.

مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو چەند مانگە بەنیسبەت بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان کە کولیاتەکەی لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا، هەروەها وێکچوویی مووچەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێویی ژیانیان دەیان جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و لە مانگرتنی ئەمجارەدا وتوویانە، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ویستەکانیان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزیش لە مانگرتن بەردەوام دەبن.