کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە کوردستان و ئێران لە هەمبەر وەدینەهاتنی داخوازییەکانیان مانیان گرت

11:23 - 3 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە هەوڵێکی هاوئاهەنگدا، مامۆستایان لە دەیان شار لە کوردستان و ئێران بەنیسبەت وەدینەهاتنی داواکارییەکانیان دەستیان دایە مانگرتن. هاوکات شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەی سێنفیی فەرهەنگییان هۆشداریی دا ئەگەر داواکارییەکان دابین نەکرێن، ناڕەزایەتییەکی بەرین لە ڕێگادایە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لە قوتابخانەکان و هەروەها مامۆستایانی خانەنشینکراو لە هەوڵێکی هاوئاهەنگ، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بەفرانبار، بەنیسبەت دۆخی نالەباری ژیانیان و هەڵاواردن و نابەرابەرییەکان مانیان گرت.

مامۆستایان لە قوتابخانەکانی چەندین شاری وەک: "سەقز، سنە، مەریوان، بوشێهر، شیراز، سەفا شاری ئیسفەهان و مەشهەد" و دەیان شاری دیکە، مانیان گرت.

مامۆستایان لەم مانگرتنەدا نووسراوەگەلێکیان بەدەستەوە بوو کە ئەم دروشمانەی لەخو دەگرت: ''بێ دەنگیمان، هاوارمانە''، ''وڵامی داخوازییەکانی خەڵک، زیندان و گوللـە نییە''، ''مامۆستایانی زیندانی ئازاد بکرێن" و "شوێنی مامۆستایان زیندان نییە'' و دەیان دروشمی دیکە.

هاوکات لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، مامۆستایانی خانەنشینکراو لە هەمبەر وەدینەهاتنی بەڵێنیی بەرپرسان بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانیان و لەبەرچاونەگرتنی بەرابەریی ئیداری و بەڕێوەنەبردنی نیزامیی پلەبەندی بۆ مامۆستایان، کۆبونەوەی ناڕزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها کانونی سێنفیی مامۆستایان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر داخوازییەکانی مامۆستایان پێداگریی کردەوە، سەرکوتی خەڵکیان لەلایەن ڕێژیمەوە مەحکووم کردووە و ڕایانگەیاندووە کە مامۆستایان داخداری ئەو قوتابییانەن کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژم کوژران.