کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە ئێران ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان مان دەگرن

11:18 - 4 رێبەندان 2721

یەکیەتیی مامۆستایان لە ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی و وێکچوویی مووچەکان و چەندین داواکاریی دیکە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتگوێ خراوە، ڕایانگەیاندووە کە لە حەوتووی داهاتوودا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مان دەگرن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان باسیان لەوە کردووە کە داواکاریی مامۆستایان لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە هیچ ئاوڕێکی لێ نادرێتەوە و بە کردەوە لە هەموو ناوەندەکانی ئەو دەسەڵاتە هیچ ئیرادەیەک بۆ وڵامدانەوە بە داواکارییەکانی مامۆستایان بوونی نییە.

شورای هاوئاهەنگیی مامۆستایان داوا لە هەموو مامۆستایان دەکات کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی ڕێبەندان لە قوتابخانەکان مان دەگرن و ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان لە سەرتاسەری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان هەتا  ٢٧ی ڕێبەندان لە قوتابخانەکان مان دەگرن و ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانیش کۆبوونەوەی سەرتاسەریی لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوە دەبەن.