کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی ئایینیی نیشتمانپەروەر ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:41 - 1 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی حاجی مامۆستا مەلا "ڕەحمان ئەحمەدی" پێشنوێژی مزگەوتی مەلا "تەها" لە شاری شنۆ لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا "ڕەحمان ئەحمەدی" ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوندی "بەردەقەلـ"ـی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو.

مامۆستا سەرەتای منداڵی بۆ خوێندنی وانەکانی ئایینی دەچێته حوجرەی گوندی "شێڵمجاڕان" پاشان لە زۆربەی گوندەکانی پیرانشار و شنۆ درێژە بە خوێندن دەدات.

ناوبراو لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی لە گوندی "گەرگوول" ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و لە شنۆ لە گوندی "سەردەرێ" وەک خوتبەخوێن و پێشنوێژی ئەو گوندە ئەرکی ئایینی دەگرێتە ئەستۆ.

دوو جار لە گوندی حەسەن نووران دەبێت بە مامۆستای گوند و هەتا ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەر لەو گوندە دەمێنێتەوە، پاشان لە مزگەوتی مەلا "تەها"ی شنۆ هەتا کۆتایی ژیانی دادەمەزرێت.

حاجی مەلا "ڕەحمان" مرۆڤێکی خۆشناو، ناسراو، نیشتمانپەروەر و دۆستی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات و خەباتی ڕەوای گەلەکەی بوو، خۆشەویستیی ئەو بۆ گەل و نیشتمان لە کەس شاراوە نەبوو، هەر بۆیەش جێگای ڕێز و خۆشەویستیی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا "ڕەحمان ئەحمەدی" سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.