کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی خەڵکی گوندی "نواوێـ"ـی ڕەبەت پلەی پڕۆفیسۆریی وەرگرت

12:38 - 19 رێبەندان 2721

مامۆستایەکی خەڵکی گوندی "نواوێـ"ـی "ڕەبەت" سەر بە شاری "سەردەشت" لە زانکۆی "کوردستان" لە پارێزگای "سنە" پلەی پڕۆفیسۆریی لە بواری بیرکاری بەدەست هێنا.

دوکتور "ئەمیر مافی" ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی "کوردستان" لە شاری "سنە" و لە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونەکانی لە بواری پەرەپێدان بە زانستی بیرکاری پلەی پڕۆفیسۆری وەرگرت.

پڕۆفیسۆر "ئەمیر مافی" ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە گوندی "نواوێـ"ـی "ڕەبەت" سەر بە شاری "سەردەشت" لەدایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری "مەهاباد" تەواو کردووە.

ناوبراو دواتر لە زانکۆکانی "هۆرمۆزگان و خاڕەزمـ"ـی "تاران" لە بواری بیرکاری درێژەی بە خوێندن داوە و لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی دوکتورای بیرکاریی لە زانکۆی "خارەزمـ"ـی تاران وەرگرتووە.

"مافی" لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی "کوردستان" لە شاری "سنە"یە و لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا لە کۆنفڕانسە جۆراوجۆرە زانستییەکان، وێڕای "کۆچەر بیرکار" و "مریەم میرزاخانی" بەشداریی کردووە و زۆربەی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە بواری بیرکاری لە زانکۆکانی وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا و هیندوستان تێپەڕ کردووە.

پڕۆفیسۆر "ئەمیر مافی" خاوەنی دەیان وتار و لێکۆڵینەوی زانستی لە بواری بیرکارییە و بە وەدەستهێنانی ١٣٠ خاڵ توانیویەتی کە پلەی پڕۆفیسۆر لە بواری بیرکاری لە زانکۆی "کوردستان" مسۆگەر بکات و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن چەندین زانکۆی بەناوبانگی جیهانی بۆ وانەوتنەوە بانگهێشت کراوە.