
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردان، "ئەفسانە محەممەدی" مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی "فاتمییە"ی پیرانشار و دانیشتووی گەڕەکی "پاداش"، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی بۆ توێکاریی ئەندام ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری ورمێ کرا.
مامۆستا "محەممەدی" خەڵکی "شاهین شەهر"ی سەر بە پارێزگای ئیسفەهانە و بەهۆی ئەوەیکە هاوژینەکەی ئەندامی خانەنشینکراوی ئەرتش لە پادگانی "پیرانشار"ە لەو شارە دەژین.
"محەممەدی" سەرەڕای ئەوەیکە مامۆستایەکی دڵسۆز و خۆشەویستی قوتابییان بووە لە ساڵی ١٣٩٥دا لەگەڵ مامۆستایانی کورد و یەکیەتیی مامۆستایان هاوکاریی چالاکانەی کردووە.
هەروەها وەرزی بەهاری ساڵی ١٤٠٠ لە مانگرتنی مامۆستایان لە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ڕێژیم و بەردەم وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ مامۆستایانی پارێزگای ورمێ بەشداریی چالاکانەی هەبووە و بە نوێنەرایەتیی مامۆستایان وتاربێژیی کردووە.
ناوبراو وەرزی پاییزی ١٤٠٠ی هەتاوی خانەنشین بووە، بەڵام دەستی لە چالاکی و هاوکاری لەگەڵ مامۆستایان نەکێشاوەتەوە.
تەرمی مامۆستا "ئەفسانە محەممەدی" لە شاری "شاهین شەهر" سەر بە پارێزگای ئیسفەهان لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.