کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا "جەلال مەلەکشا"ی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست لە ئێوارەیەکی غەریبستاندا ماڵاوایی لە دونیای شێعر و ئەدەبی کوردی کرد

11:18 - 11 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر، مامۆستا "جەلال مەلەکشا" شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا و قەڵەم ڕەنگینی کورد لەدوای ژیانێکی هەژارانە و سەربەرزانە، بەڕووسوورییەوە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

مامۆستا "جەلال" ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "مەلەکشا" سەر بە شاری سنە لە بنەماڵەیەکی جووتیار لەدایک بووە. هەر لە مێرمنداڵییەوە لە ڕێگەی مامێکیەوە لەگەڵ دونیای شێعر و ئەدەب ئاشنا دەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژ خولیا و هەستی زیاتر بۆ لای شێعر دەبزوێت و شێعری گەورە شاعیرانی کورد سەرنجی ناوبراو ڕادەکێشێت.

مامۆستا "جەلال" خوێندنی سەرەتایی لە گوندی "مەلەکشا" تەواو دەکات و دواتر لە "سنە" بڕوانامەی "دیپلۆم" وەردەگرێت. له تەمەنی  ١٦ ساڵیدا ڕوو دەکاتە شاری "شیراز"  و هەر ئەوکات دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری شاری شیراز و زۆری پێ ناچێت لە زۆربەی گۆڤارەکانی تەواوی ئێران نووسینەکانی بڵاو دەبێتەوە.

مامۆستا "جەلال مەلەکشا" ١٤ ساڵ لە وەشانگەی "سەلاحەدین ئەیووبی" بەرپرسی بەشی ئەدەبیی گۆڤاری "سروە" بووە و ماوەیەکیش لە هەولێر سەرنووسەری "بلاڤۆکی پرشنگ" بووە.

هەست و سۆزی کوردستان وای لە مامۆستا "جەلال" کردبوو کە هەموو کاتێک  قەڵەمی بۆ بەرخۆدانی گەلەکەی بەکار بهێنێت و ناڕەزایەتیی خۆی دژ بە ئەوانەی مافی کورد و کوردستان پێشێل دەکەن، دەرببڕێت. هەر بە بۆنەی ئەو هەستە نیشتمانپەروەری و کوردانەیەوە، ١٦ ساڵ لە تەمەنی لە زیندانی داگیرکەراندا بەسەر بردووە و زۆربەی شێعرەکانی لە سەردەمی زینداندا هۆنیوەتەوە.

"زڕەی زنجیری وشە دیلەکان، کارەسات، ناڵەی زنجیر و واژگان اسیر" بەرهەمەکانی ناوبراون و شێعری "دارە پیرە" بەناوبانگترین شێعری مامۆستا "جەلال" بووە کە دەنگدانەوەیەکی باشی لەنێو خەڵدا هەبووە.

شیعرەکانی ناوبراو بە زمانەکانی "فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی و سوییدی" وەرگێڕدراوە.

‏ساڵی ٢٠١٤  خەڵاتی "دار بەڕوو"ی زێڕێنی هونەرمەندانی لە شاری "مەریوان" پێ بەخشراوە و ساڵانە لەلایەن کۆڕی ئەدیبانی شاری "سنە" بۆ ماندووبوون و خزمەتی زۆری ناوبراو بە ئەدەب و شێعر بە گەلەکەی ڕێزی لێ دەگیردرا.

‏هەرچەند لەلایەن ئەدیبانی شاری "سنە" زۆر هەوڵ دراوە تاکوو مامۆستا "جەلال" لە ژیاندایە کۆی بەرهەمەکانی چاپ بکرێت، بەڵام زۆربەی بەرهەمی مامۆستا "جەلال" بەرخۆان و لێوانلێوی ئاڵا و شینی شەهیدانە، بۆیە سانسۆر و پێوانەی زۆری لەسەرە و هەوڵەکان بێئاکام مانەوە.