
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر مامۆستا شێخ "ڕەشید حوسێنی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، نووسەر و شاعیر، یەکێک لە نزیکانی مامۆستا "قانع" و لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە وشە و ڕستەکانی بە یادگار مایەوە.
شێخ ڕەشید لەو کەسانە بووە کە زیندان و ئەشکەنجەکانی "ساواک" نەک هەر نەیتوانیوە خۆشەویستیی خاک و وشە و نەتەوەی کوردی لا کاڵ بکاتەوە، بەڵکوو لای ئەو خۆشەویستری کردن.
شێخ ڕەشید هاوڕێ لەگەڵ نەمران مامۆستا شێخ "حەمە مارف مەریوانی، مامۆستا مەلا محەممەد جەوانڕوودی، مامۆستا مەلا بورهان عالی" و پۆلێک لە لاوانی دڵسۆزی نیشتمان، ساڵی ۱۳٦۹ی هەتاوی بۆ خزمەت بە فەرهەنگ، وشە و زمانی کوردی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی "مەریوانـ"ـیان دامەزراند کە تاکوو ئەمڕۆ خەریکی گەشە و پێگەیاندنی نەوەی نوێیە.
کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە خەسارێکی گەورە بووە بۆ ئەدب و فەرهەنگی نەتەوەی کورد.
تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو و کۆمەڵگای ئەدەبیی کوردستان دەکات.