کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان دەکەن

11:43 - 1 رێبەندان 2720

بەشێک لە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆکانی شارەکانی "سەردەشت"، "پیرانشار"، "شنۆ"، "نەغەدە" و "مەهاباد"، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی بەشێک لە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆکانی "سەردەشت"، "پیرانشار"، "شنۆ"، "نەغەدە" و "مەهاباد"، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان

٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان‌دا، دوای خەبات و تێکۆشانێکی چەندین "جیل"ی و بە هەوڵ و خۆبەخشیی ڕوناکبیرانی ئەوکات، یەکەم کۆماری کوردستان، لە سەر دەستی پێشەوای کوردان و بە ناوەندی "مەهاباد" دامەزرا. ئاڵوگۆڕە پەیتا پەیتا و یەک لە دوای یەکەکانی جیهانی، ناوچەیی و ئیرانی، هەل و دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند تا دوای پاشەکشەی دەوڵەتی داپڵۆسێنەری ناوەندخواز و چەک کردن و ڕاماڵینی هێزە چەکدارەکەی و ئەو بۆشاییەی لە ناوچەی موکریان هاتەئاراوە، کۆمارێک دابمەزرێ کە نەک هەڕ نموونەی لە ئێران، بگرە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ئاسیادا نەبوو و بوو بە ترووسکی هیوای ناو تاریکستانی چەندین سەدەی ئەم دەڤەرە.

کارنامەی ١١ مانگەی کۆماری کوردستان، ئەوەندە زیڕین و پڕ لە شانازییە کە نەیارانیش ناتوانن نکۆڵی‌ لێ‌بکەن و وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ئەرێنی چاویان لێ‌دەکرێ و دەسکەوتەکانی بوونەتە دەسکەوتی نەتەوەیی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان.

٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا درووستکردنی سوپای نەتەوەیی، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ئازادی چاپەمەنی و بیر و ڕا دەربڕین، ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراو و دامەزراوە سڤیل و خەڵکییەکان، پێکهێنانی دامەزراوەی یەکێتی ژنان و یەکێتی لاوان و دەیان دەسکەوتی‌تر، کۆماری کورستانی وەک چرایەکی ڕوون و گەشاوە لێ‌کردبوو کە هیوای خستبووە ناو دڵی ئازادیخوازانی تەواوی ناوچەکە، هەر بۆیە کاربەدەستە پاشڤەخوازەکانی ئێرانی و ناوچەیی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی زلهێزەکان، ڕێگەی نەدا بیر و هزری کۆمار پەرەبگرێ و ببێتە سەرچەشنی درووستکردنی دەسەڵاتی دێموکڕاتیک لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە بەپیلانگێڕێکی ئیقلیمی و جیهانی هەوڵی لەبار بردن و خنکاندیان دا. بەڵام حەقیقەتی تیشکی درەوشاوەی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان ئەوەندە ڕوون و ئاشکرا بوون کە هیچ دەستە و تاقمێکی شۆڤێنیست و پاوانخواز نەیتوانی پێشی پێ‌بگرێ و هەر ئێستا کوڕانی دێموکڕات و پێشەوای نەمر، بە ورە و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لە بەرزترین چیاکانی کوردستاندا، بە هەمان بەرنامە و بڕیاری سیاسییەوە خەبات دەکەن و بڕیاریشیان داوە تا خاوێن‌کردەوەی ئەم وڵاتە لە چەکمەی پیسی داگیرکەران و پیادەکردنی بەرنامە مۆدێڕنەکانی کۆماری کوردستان لە خەبات نەوەستن.

پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان، خاڵی گرینگی وەرچەرخانی سیاسی نەتەوەی کورد،

سڵاو لە خوێنی پاکی شەهیدانی سەرکردە، قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی و گشت شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان،

شکاوەبێ، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.

بڕووخێ کۆماری دژە ئازادی و کۆنەپەرەستی ئاخوندی.