ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزڵوەر، مام "قادر خدر فەقێ ئیبراهیم" کەسایەتیی خۆشناوی دەڤەری "پشدەر"، دوای تەمەنێک پڕ لە شانازی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام قادر ساڵی ١٩٣٥ی زایینی لە شاری "قەڵادزێ" لەدایک بووە. ناوبراو لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری "بانە" سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵاته.
مام قادر کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست بووه. ماڵەکەی هەمیشە جێگای حەسانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە تایبەتی تێکۆشەرانی دێموکرات بووە.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. خاوەنی چەندین منداڵە کە هەموویان ساڵانێکی دوورودرێژە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خەبات دەکەن و وەفادار بە ئامانج و ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدانن.
هاوسەری ناوبراو خوالێخوشبوو پوورە "شەمێ فەراهانی" خوشکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی شەهید "ئیبراهیم و قادر فەراهانیـ"ـیە.
مام "قادر" پێنج کچی هەیە کە ئەو کچانەی هەموویان لەگەڵ پێشمەرگە هاوسەرگیرییان کردووە. ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو خەڵکی وەڵاتپارێزی "پشدەر" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.